بەلاڕێدابردنی سۆشیال میدیا بۆ بەلاڕێدابردنی خەڵك
فەرهەنگ غەفوور
دەزگا و دامەزراوەكانی ڕاگەیاندن بەگشتی لە هەر كوێی دونیادا بن، بۆ وشیاركردنەوە و ئاگاداركردنەوەی خەڵكن، لەوەی كە لە ناوچەكەیان و دەوروبەریاندا دەگوزەرێت، هەروەها پردی گەیاندنی نێوان حكوومەت و خەڵكن، ئەمە جگە لەوەی بەشدارییەكی كارایان لە زیندووهێشتنەوە و پێشخستی زمان و كلتوور و چالاكییە كۆمەڵایەتی و ژینگەییەكاندا هەیە و، كار و ئامانجی ئەو دامەزراوە میدیاییانە ئەگەر پیشەییانە و بێ لایەنانە و سەرڕاستانە بێت، ئەوا لە خزمەت خەڵك و كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و ژینگە و ژیاریدان بەگشتی.
لە دوای ئەو سیستمە (عەولەمە) جیهانگەراییەی لە ڕێی تەكنەلۆجیا و ڕاگەیاندنەوە سەراپای جیهانی گرتەوە و، گۆی زەوی بەو هەموو پانی و بەرینییەوە كرد بە گوندێكی بچووك و، مرۆڤەكانی بە ڕەنگ و زمان و كلتوور و ئایینی جیاجیاوە هەمووی هێنایە تەك یەك و، لەو گوندەدا بەیەكتری ئاشنا كردن، ئەمەش بە دەوری خۆی هەم كرانەوە و سوودی هەبووە و هەمیش زیانی زۆر و كارەساتی گەورە.
لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی سێ بەگشتی، لەبەر خوێندەواری و ڕۆشنبیری وەك پێویست نین و خەڵكەكە هێشتا بە دەیان هۆكاری ئابووری و ستراتیژی و جەنگ و داگیركاری، لە دواوەن و نەیانتوانیوە وەك پێویست و بە درووستی سوود لە میدیا بەگشتی و، لە ناویشیاندا سۆشیال میدیا بەتایبەت ببینن، بۆیە دەبینین لە زۆربەی كۆمەڵگەكانیاندا پاشاگەردانی و نەهامەتی و تاوان و هەرچی خراپ و دژە بە خۆیان و مرۆڤایەتییە، ڕەواجی سەندووە و، سۆشیال میدیا لەو گوندە بچووكە ڕەنگاوڕەنگەی جیهاندا، لەو پێگە بەرز و مەهامە گرنگەیەوە بووە بە زۆنگاوێكی لێڵ و خەڵك بەگشتی و بەتایبەت گەنج و لاوەكانی تا بیناقاقا تیادا خنكاون.
تەكنەلۆجیا بە هەموو ئەو ئامرازە زۆرانەی خۆیەوە، ژیانی بۆ مرۆڤ زۆر ئاسان كردووە، ئەوەی ئاڵۆزی كردووە، ناهۆشیاری و خراپ بەكارهێنانی تەكنەلۆجیاكە و بەتایبەت سۆشیال میدیایە.
لێرە، لەناو سۆشیال میدیا، لەجیاتی ئەوەی خەڵك لە زانیاری و بەرهەم و چالاكی و بزاوتەكانی یەكدی بەهرەمەند بن و، سوود لە توانا و بەهرە و زمان و زانست و هونەری یەكدی وەربگرن و، ڕەخنەی بنیاتنەر لە یەكدی بگرن و یەكدی تەواو بكەن، بەداخەوە هەندێ دەستی دژ بە كۆمەڵگە و بەها بەرزەكانی، نەوەیەكی زمانزبر و هیچ نەزانیان بەرداوەتە ناو ئەو ماڵە ئاوەدان و جەنجاڵە و، هەرچی بیانەوێ و مەبەستیان بێت دەیڕشێننەوە ناو لاپەڕەی ئەكاونت و پەیجەكان، بەتایبەت لە نووسینی كۆمێنتی خۆهەڵتێقورتێنی پڕ سووكایەتی و جنێوبازاڕیدا. ئەمە جگە لەوەی خەڵكێكی زۆری نەزانی هیچ لەباردا نەبوویان كردووە بە شرۆڤەكار و دەمڕاست و قسەكەر و شتزانی هیچ نەزان، كە خۆیان لە هەموو بابەتێكدا هەڵدەقورتێنن، چ ئایینی، یان سیاسی، یان كۆمەڵایەتی، یان هونەری و ئەدەبی و وەرزشی..تد، كە ڕەنگە لە هیچ لە كام لەو بوارانەدا نە زانیاری و نە تەنانەت خولیایەكیشیان بۆی نەبێ و ئامانجەكەیان تەنیا شێواندن و پیسكردنی گۆمەكە بێت.
نووسین، جا لە كتێب و گۆڤار و ڕۆژنامەكان بێت، یان لە سۆشیال میدیا، بەرپرسیارییەكی گەورەیە و ئامانج لێی هۆشیاری و ئاگایی خەڵكە، نەك شێواندنی میزاجی تاك و تێكدانی شیرازەی كۆمەڵایەتی و ئەخڵاقی خەڵك، بەڵام دیسانیش دەڵێم بەداخەوە، بەشێكی بە بەرنامە و بەشێكی لە نەزانینەوە، ئەو سۆشیال میدیایە بەو هەموو خراپكارییانەوە بۆ خراپەكاریی زیاتر بەكار دێنن و، خەڵكێكی زۆریش بەتایبەتی گەنجانی كەم ئەزموون و نا هۆشیار، بوونەتە سەربازی بێ كرێی ئەو سوپای ئەهریمەنە و بەربوونەتە ناو ئەو ماڵە ڕەنگاوڕەنگە و تێكیان هەڵشێلاوە. تەنانەت وای لێهاتووە، نووسەر و پێشەنگ و داهێنەران و ئەهلی هونەر و ئەدەب و سیاسەت لەبەر كاردانەوەی خراپ و سووكایەتی و ناوزڕاندن و دەستبردن بۆ تایبەتمەندییە كەسییەكان، سڵ بكەنەوە و بابەت و بەرهەمەكانیان لە سۆشیال میدیا بڵاو نەكەنەوە، بەمەش دووهێندەی دیكە ڕەوشەكە بە قازانجی ئەو گێرەشێوێن و زمانزبر و جنێوبازاڕییانە بەرهەڵ دەبێ و مەیدانیان بۆ خۆش دەبێت، كە ماڵە ڕەنگاوڕەنگەكە بكەن بە زۆنگاوێكی پیس و ناشیرن و نابەجێ. لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵە پیسانە بۆ پیسكردنی سۆشیال میدیا، بەڵام هێشتا خەڵكێك هەر ماوە، ناوە ناوە بۆ جوانی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی و شرۆڤەی موعتەبەر بابەتەكان، چ نووسین بێ یان وەعز و ئامۆژگاری، یان هونەری و داهێنانی زانستی بڵاو ئەكاتەوە و، خەڵكە تامەزرۆيیەكەی لێ ئاگادار دەكاتەوە، ئەگەرچی زۆر جار كاردانەوەكان بەرامبەریان نامەنتقی و چەواشەكارانە دەبن و لە كۆمێنت و سەرنجەكاندا زمانی زبریان بەرامبەر بەكار دێنن، هەروەك دەبینین لە ناو گرووپە ئایینییەكاندا، خەڵك خۆبەخۆ بەردەبنە گیانی یەكتر، لە ناو گرووپە كۆمەڵایەتییەكاندا خۆبەخۆ بەرۆكی یەكتر دەگرن و هەرچی بە زاریاندا بێ نایگێڕنەوە، گرووپە هونەری و ڕۆشنبیرییەكان و حزبییەكانیش بە هەمان شێوە، لەجیاتی گفتوگۆی مەنتقییانە و ڕەخنەی بنیاتنەرانە و ئالوگۆڕی و زانیاری و یەكترتەواكردن و جوانكردنی ژیان و پێدانی هۆشیاریی ژینگەیی و ڕۆشنبیریی تەندروستی و بەرچاوخستنی داهێنان و بەرهەمی ئەدەبی و هونەری و گەشەكردنی زمان و پاكڕاگرتنی ژینگەی سرووشتی و هێشتنەوەی كلتوور و بەها بەرز و جوانەكان، ترازان و ناشیرینكردن و نەهێشتنی ئینتما و خۆشەویستی بۆ نیشتمان و نەتەوە و ڕەمزەكانی لە سۆشیال میدیا پەرە پێ دەدەن.
قسەكردن لەسەر سۆشیال میدیا توێژینەوەی زیاتری كەسانی تایبەت بە بوارەكەی پێویستە، بۆ ئەوەی باشتر پەنجە بخەنە سەر كەموكووڕی و ئاستەنگ و كێماسییەكان و ڕەنگدانەوەیان بۆ سەر كۆمەڵگە و نەوەی دواڕۆژ و ئینجا دەستنیشانكردنی هەنگاوەكانی چارەسەركردن و وێناكردنەوەی میدیا بەگشتی و سۆشیال میدیا بەتایبەت بە شێوە ئەرێنییەكەی. ئەوەی ئێمە لێرە وەك هونەرمەندێك لە ناو سۆشیال میدیا هەستی پێ دەكەین و دەیبینین، تەنیا دەردەدڵ و چەند سەرنجێكی خێرایە و بە ئومێدی ئەوە دەیخەمە بەرچاو، كە چاوێكی بەڕەحمانەی پێدا بخشێنرێتەوە و چارەسەرێكی خێرای بۆ بدۆزرێتەوە.
