سوود و زیانەكانی بەكارهێنانی كیراتین بۆ قژ
گەلێك كەس بە مەبەستی قژێكی بەهێز و خاو و بریقەدار، كیراتین بۆ قژ بەكاردێنن. چارەسەر بە كیراتین Keratin treatment هاندەرە بۆ ڕاستكردنەوەی قژی لوول و زیادكردنی بریقەی قژ، بەڵام بەدەر نییە لە چەند زیانێكی لابەلا. كیراتین پرۆتینێكی ڕیشاڵییە و پێكهاتەی سەرەكیی قژ و نینۆكەكانە، چارەسەر بە كیراتین هاندەرە بۆ پاراستنی پرۆتینی سرووشتیی قژ، هەروەها گونجاوە بۆ قژی وشك و ناسك، پاشان ڕۆڵی هەیە بۆ خاوكردنەوەی قژی لوول كە ستایلكردنی ئاسان دەبێت و شێداریی هەوا كاریگەری ناكاتە سەر خاوبوونەوەكەی. لایەنە نەرێنییەكانی چارەسەر بە كیراتین: لە ڕووی نرخەوە گرانە، كاریگەرییەكەی بۆ ماوەیەكی كورت بەردەوام دەبێت كە بە 2-4 مانگ دەخەمڵێنرێت، زیانە لابەلاكانی ماددەی فۆرمەلدیهاید كە پێكهێنەرێكی بنچینەیی چارەسەركردنە بە كیراتین بە شێوەی سووتانەوەی پێست، زیاد فرمێسككردن، هەستكردن بە سووكبوونی سەر Lightheadedness، لەگەڵ سەرئێشە، لە لایەكی دیكە بەكارهێنانی كیراتین ماوەیەكی زۆر دەخایەنێت، بۆنموونە: لەوانەیە كە 90 خولەكی پێویست بێت بۆ قژی درێژ تاكو بەتەواوی هەموو تاڵە مووەكان بگرێتەوە، هاوكات لەگەڵ بەكارهێنانی ئوتووی گەرم بۆ قژ بۆ هاندانی لكانی پرۆتین بە یەكە یەكەی تاڵە قژەكانەوە.
