تێزی دكتۆرا لە بواری هونەرەكان.. ئەزموون و هەنگاو بەرەو پێشەوە

تێزی دكتۆرا لە بواری هونەرەكان.. ئەزموون و هەنگاو بەرەو پێشەوە

فەرهەنگ غەفوور

هونەر لەناو گەلێكی داگیركراو و بەش بەشكراو و ستەملێكراوی وەك كورد، وەك زمان و كلتوور و كەلەپوورەكەی، دەستاودەست و زارەوزار هاتووە و پارێزراوە و گەیەنراوەتە ڕۆژگاری ئەمڕۆ، دەنا لەناو ئەو هەموو ڕاوەدوونان و مەرگەساتەدا، زۆر زەحمەت بوو خۆی بگرێ و گەشە بكات، بەڵام باوانمان وێڕای خەبات بۆ مانەوە، وێڕای كار بۆ بنیاتنانەوەی زێدی خاپوور، وێڕای كەسابەت بۆ دەستەبەركردنی بژێوی، زۆر جوامێرانە و بەوپەڕی هەستیاری و بەرپرسیارێتییەوە فۆلكلۆر و كەلەپوور و كلتوور و زمان و دابونەریت و هەرچیی جوانی و شانازیی گەلەكەیانە پاراستوویانە و وردە وردە پێشیان خستووە و گەشەیان پێ كردووە، تا گەیشتە ڕۆژگارێك، لەمەوبەر لەسەر ئاستی تاك یان كۆ، تیپی هونەری و گرووپی ئەدەبی دەركەوتن و ئینجا قۆناغێكی دیكە چوونە پێشتر و بە شێوەی زانستی و ئەكادیمی دەستیان بە خوێندن لە بواری هونەرەكانەوە كرد و تیۆرەكانی هونەرەكانی موزیك، شانۆ، دراما، شێوەكاری و ...تدیان، خوێند و ئەزموونیان كرد، ئینجا تیایاندا هەبوو دبلۆمی لە هونەرەكانەوە بەدەست هێنا، كە ئەوە تا ڕۆژگارێكی زۆر دوورنا، بەرزترین پلە و پێگەی ئەكادیمیی هونەری بوو.
ئەو گۆرانكارییانەی لە ناوچەكە بەگشتی ڕوویاندا، بوونە مایەی ئەوەی هونەرەكانیش پێش بكەون و داهێنان و گۆڕانكارییان تێدا دروست بێ و بە زانستییانە پەرە بە بابەت و داهێنانەكان بدرێت. ئێستا كە دەرفەتی زۆر باشتر لەبەردەم كادیرانی بواری هونەر واڵا بووە، دەتوانن لە ئامرازەكانی سەردەم، لە زانستەكانی ئەو بوارانە بەهرەمەند بن و ببن بە كاراكتەری بەتوانا و بەئەزموون، بە تایبەت كە ئەمساڵ لە بواری هونەرەكاندا، نامەی ماستەر و تێزی دكتۆرا لەلایەن چەند مامۆستایەكی هونەرمەند پێشكەش كران.
ئەم ناونیشانانە تەنیا بۆ ناو نین، بەڵكوو ئەم ناونیشانانە هەڵگری خەسڵەتی هونەری و شارەزایین لە بوارە جیاجیاكانی هونەردا و، بۆ لەمەودوا دەتوانن ئەزموون و وانەكان بە باشترین شێوە بە قوتابیان و بەهرەدەران بڵێنەوە و ڕایان بهێنن و پێیان بگەیەنن، بەمەش تەكانێكی چەندایەتی و چۆنایەتی بە بواری هونەرەكان بەگشتی بدەن.

Top