نەخەوتن تا درەنگانی شەو ئەگەری نەخۆشیی شەكرە زیا دەكات
لە لێكۆڵینەوەیەكی نوێی كۆلێژی ئەمریكیی پزیشكان لە فیلادیلفیا/ وڵاتە یەكگرتووەكان كە لە 12ی مانگی ئەیلولی 2023 ئەنجام دراوە، هاتووە كە مانەوە تا درەنگانی شەو زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت. لە لێكۆڵینەوەكەدا ئاماژ ە بەوە كراوە كە ئەو كەسانەی نووستن دوادەخەن و تا درەنگانی شەو بێدار دەمێننەوە، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشیی شەكرە تا 72% زیاد دەبێت. هەروەها مانەوە تا درەنگانی شەو هۆكارە بۆ خراپبوونی كوالێتیی خۆراك، كەمبوونەوەی كاتژمێرەكانی خەوتن، زیاد كێشانی جگەرە لە كەسانی جگەرەكێشدا، زیادبوونی كێشی لەش، لەگەڵ كەمبوونەوەی چالاكیی فیزیكی (بەدەنی). زانایان لە لێكۆڵینەوەكەدا جەختیان كردووەتەوە كە چۆن شێوازی خەو كاریگەری دەكاتە سەر ئەگەری تووشبوون و تووش نەبوون بە نەخۆشیی شەكرە، هەر كەسێك مەیلێكی سروشتیی هەیە بۆ دیاركردنی كاتی نووستن كە پێی دەگوترێ كرۆنۆتایپ Chronotype كە لەوانەیە زوو خەوتن و زوو بێداربوونەوە بێت، یان درەنگ خەوتن و درەنگ بیداربوونەوە، یان حاڵەتێكی نێوان هەر دووكیان. جینەكان (بۆماوە) كاریگەرییان لەسەر كرۆنۆتایپدا هەیە، هەروەها ڕیتمی كاتژمێری بایۆلۆژیی لەش Circadian rhythm كە كردارە سرووشتییەكانی لەش كە پەیوەستن بە ڕووناكی و تاریكی لە ماوەی 24 كاتژمێردا بەڕێوە دەبات.
