شیردانی سرووشتی بۆ شەش مانگ دڵی ئافرەت بۆ سێ ساڵ دەپارێزێت!
ئەمە ڕوونە كە شیردانی سرووشتی سوودی زۆری بۆ كۆرپە و دایك هەیە، بەڵام سوودێكی دیكەی شیردانی سرووشتی لە ئەنجامەكانی نوێترین لێكۆڵینەوەی زانكۆی (ئەدیلەید) ی باشووری ئوسترالیا، ڕوونكراوەتەوە كە شیردانی سرووشتی بۆ ماوەی شەش مانگ، دایك لە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ بۆ ماوەی بەلای كەم سێ ساڵ دەپارێزێت، بۆنموونە هاندەرە بۆ دابەزاندنی پەستانی خوێن و كۆنترۆڵكردنی ئاستی كۆلیستیڕۆڵی خوێن. ئاماژە بەمەش كراوە كە شیردانی سرووشتی زیاتر پێویستە بۆ ئەو ئافرەتانەی كە لەكاتی دووگیانیدا ئەگەری تووشبوونیان بە ئاڵۆزییەكانی دووگیانی بەرزە بەتایبەتی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشیی شەكرە، هەروەها ژاراویبوونی دووگیانی Preeclampsia. دیسان لە ئەنجامەكاندا هاتووە كە شیردانی سرووشتی بۆ ماوەی شەش مانگ، جگە لە دابەزاندنی پەستانی خوێن، یارمەتیدەرە بۆ ڕێكخستنی ئاستی شەكری خوێن و هۆرمۆنی ئینسولین، هەروەها كۆنترۆڵكردنی كێشی لەش كە هەنگاوی ئەرێنیی دیكەن بۆ خۆپاراستن لە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان. ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی WHO ڕێنمای ئافرەتان دەكات بۆ شیردانی سرووشتی بەلای كەم بۆ ماوەی شەش مانگ و واباشترە كە بۆ 12 مانگ بێت، كە هاندەرە ڕێكخستنی بەرچاوی پەستانی بەرزی خوێنی درێژخایەن و نەخۆشیی شەكرە.
