خراپترین چەوری لە لەشدا
چەوریی هەناو یان چەوریی سك Visceral fat، ئەو چەورییەیە كە لە قوڵایی ناو بۆشایی سكدا لە دەوری ئەندامەكانی وەكو گەدە، ڕیخۆڵە، جگەر كۆدەبێتەوە، كە بە چەوریی شاراوە ناوزەرد دەكرێت و ڕێژەی 10%ی كۆی چەوریی لەش پێك دەهێنێت. چەوریی هەناو بە خراپترین جۆری چەوریی لەش هەژمار دەكرێت، چونكە ماددەی كیمیایی زیانبەخش و هۆرمۆن دروست دەكات، كە هاندەرە بۆ تووشبوون بە گەلێك نەخۆشیی وەكو: نەخۆشیی دڵ، نۆرەی دڵ، نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، جەڵتەی مێشك Stroke، شێرپەنجەی كۆڵۆن و ڕێكە و مەمك لە ئافرەتدا، هەروەها نەخۆشیی ئەلزهایمەر. ڕێژەی چەوریی سك پێوانە دەكرێت بە: یەكەم، پێوانەی چێوەی كەمەر كە ئەگەر لە 80 سم زیاتر بێت لە ئافرەت و لە 94 سم زیاتر بێت لە پیاواندا، واتە ڕێژەی چەوریی سك بەرزترە لە ئاستی ئاسایی. دووەم، پشكنینی وێنەگرتنی ڕەنینی موگناتیسی MRI كە لە خوێندنەوەی ژمارە یەك تا 12 بە ئاسایی هەژمار دەكرێت و خوێندنەوەی نێوان ژمارە 13-59 واتە ڕێژەی بەرزی چەوریی سك. هۆكارەكانی زیادبوونی چەوریی هەناو: زیاد وەرگرتنی وزە (كالۆری) لە خۆراك و كەمیی جووڵە یان مەشقی وەرزشی، تەمەنی وەستانی یەكجارەكیی سووڕی مانگانە لە ئافرەتدا، لە پیاویشدا تەمەن و جینەكان لەگەڵ خواردنەوەی ئەلكهول ڕۆڵیان هەیە لە زیادبوونی ڕێژەی چەوریی هەناودا.
