چۆن گەڕانەوەی ترشەڵۆكی گەدە ددانەكان تێك دەدات؟
چینی مینای ددان لە ئاستی ترشێتی 5.5 pH دا تووشی سووان دەبێت، لەوكاتەی كە ئاستی ترشێتی گەدە دەگاتە 2.0 pH واتە ئاستی ترشێتی بەهێزتر، بۆیە كە ترشەڵۆكی گەدە دەگاتە ددانەكان ئەوا بە توندی تووشی سووان یان داڕووشان Erosion دەبن، بەتایبەتی لە ڕووی ناوەوەی ددانەكاندا. لێكۆڵینەوەكان جەختیان كردووەتەوە كە نیوەی ئەو كەسانەی تووشی گەڕانەوەی ترشەڵۆكی گەدە GERD بۆ سوورێنچك و قوڕگ و دەم بوونەتەوە، لە هەمان كاتدا تووشی سووانی ددانەكانیش دەبن، كە هۆكارە بۆ دروستبوونی چاڵ و زیادبوونی ئەگەری هەوكردن بە بەكتریا یان كلۆربوون. ئاماژە بەوەش كراوە كە گرفتەكە زیاتر لەكاتی نووستندا ڕوو دەدات كە كرداری قووتدان و ڕێژەی دەردانی لیك كەم دەبێتەوە، هەروەها وشكبوونی دەم هۆكارێكی دیكەی هاندەرە بۆ سووانی ددانەكان كە لەوانەیە لە ئەنجامی بەكارهێنانی دەرمان بۆ هاوسەنگكردنەوەی ترشەڵۆكی گەدە ڕوو بدات. سووانی ددان حاڵەتێكی هەمیشەییە و نیشانەكانی بریتین لە: ئازار و هەستیاربوونی ددان بە شلەمەنیی گەرم و سارد و شیرین، زەردبوونی ڕەنگی ددانەكان، پەیدابوونی كەلێن لە نێوان ددانەكاندا، لەگەڵ دروستبوونی چاڵ و كلۆربوونی ددانەكان.
