نەخۆشیی شەكرە چۆن چاوەكان تێك دەدات؟
نەخۆشیی شەكرە ئەگەر بە باشی كۆنترۆڵ نەكرێت، ئەوا گەلێك گرفت لە چاودا پەیدا دەكات لە كزبوونی بینینەوە تا كوێربوون. ئاستی بەرزی شەكری خوێن بە تێپەڕبوونی كات هۆكارە بۆ تێكدانی بۆڕییە وردەكانی خوێن لە تۆڕەی چاودا كە شلەیان لێ دەتكێت و دەبێتە هۆی ئاوسان، هەروەها دەبێتە ئەگەری خوێنبەربوون لە چینی نێوان تۆڕە و چینی سپێنەی چاودا كە بە چینی كۆرۆید Choroid ناسراوە، ئەمەش پەستانی ناو چاو بەرز دەكاتەوە. هەموو ئاڵۆزییەكانی نەخۆشیی شەكرە كە لە چاودا ڕوودەدەن، بە گرفت لە بۆڕییە خوێنەكانی چاو دەست پێدەكەن كە بریتین لە چوار گرفتی سەرەكی: گرفت لە تۆڕەی چاودا بە شێوەی تێكچوونی بۆڕییەكانی خوێن و دروستبوونی بۆڕیی خوێنی نوێ كە كاریگەریی نێگەتیڤ دەكاتە سەر بینین، ئاوسانی پنتی ناوەڕاستی تۆڕەی چاو Macular edema، ئاوی ڕەش Glaucoma كە كۆمەڵێك نەخۆشی چاو پێك دێنێت و هاندەرە بۆ تێكدانی دەماری بینین و كوێربوون ئەگەر زوو چارەسەر نەكرێت، هەروەها ئاوی سپی Cataract واتە ڵێڵبوونی هاوێنەی چاو كە تەنیا بە نەشتەرگەری چارەسەر دەكرێت. تووشبووان دەتوانن خۆیان لەم ئەگەرانە بپارێزن بە كۆنترۆلكردنی شەكرەیان بە شێوەی: كۆنترۆلكردنی شەكری خوێن، كۆنترۆلكردنی پەستانی خوێن و كۆلیستیرۆڵ، دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان لەگەڵ پشكنینی چاو ساڵانە لە لایەن دكتۆر.
