ماراسۆن چۆن سەری هەڵدا

ماراسۆن چۆن سەری هەڵدا

لە ساڵی ٤٩٠ پێش زایین شەڕی ماراسۆن لە نێوان یۆنانییەكان و فارسەكان لە ناوچەی ماراسۆن لە یۆنان هەڵگیرسا و، دوای ناكۆكییەكی زۆر یۆنانیەكان فارسەكانیان شكست پێهێنا و دوای سەركەوتنەكەش شەڕڤانێكی یۆنانی بە ناوی فیدیپیدس هاتە دەرەوە، بە مەودای ٤٠ كم لە ماراسۆنەوە تا ئەسینای پایتەخت ڕای كرد، بۆ ئەوەی بە گەلەكەی بڵێت كە فارسەكانیان شكست پێهێناوە، دوای ئەوەی مەسەلەكەی بۆ گێڕانەوە، بەهۆی ماندوێتیەوە گیانی لەدەستدا، پێشبڕكێی ماراسۆنەكە بە ناوی ئەم سەربازەوە ناو نرا، كە ئەم هەموو مەودایەی بڕیوە بۆ ئەوەی پێیان بڵێت كە فارسەكانمان شكست پێهێناوە. یەكەم یاریی ئۆڵۆمپیاد لە ساڵی ١٨٩٦ لە وڵاتی یۆنان بەڕێوە چوو و وەرزشی ماراسۆن یەكێك بوو لە یارییە سەرەتاییەكانی ئۆڵۆمپیاد، پێشبڕكێكە لە پردی گوندی ماراسۆنەوە دەستی پێكرد بۆ ئەسینای پایتەخت، هەمان ئەو مەودایەی كە فیدیپیدس بڕیبووی. میدالیای زێڕ لە لایەن ڕاكەری یۆنانی، سپایریدۆن لویس (١٨٧٣ - ١٩٤٠) بەدەست هێنرا، كە بە ناوی ئەوەوە یاریگای ئۆڵۆمپی ئەسینا ناونرا (یاریگای سپایردۆن لویس) و ئەو مەودای بە دوو كاتژمێر و ٥٨ خولەك و ٥٠ چركە بڕی.

 

Top