كۆلێكشن و دیزاینەكانی جلی كوردی لە هەفتە نمایشی پاریسدا

كۆلێكشن و دیزاینەكانی جلی كوردی لە هەفتە نمایشی پاریسدا

 پێشتر چەندین نمایشی جلی كوردی لە ناوەوەی كوردستان و لە بۆنە و یادە نەتەوەییەكاندا دەكران، بەڵام ئەمجارەیان نمایشێكی جلی كوردی لە وڵاتانی ئەوروپا بە شێوەیەكی مۆدێرن و لەسەر ڕیتمی نمایشی جلی ئەو كیشوەرە بەڕێوە چوو، (لارا عومەر دزەیی) كچی گۆرانیبێژی كوردی عومەر دزەیی توانی نمایشێكی خنجیلانەی جلی كوردی لە شاری پاریسی فەڕەنسا ئەنجام بدات، یەكەم كاری دیزاینی ئەو خاتوونە بە ناوی خەون لە ساڵی 2022 بڵاو كرایەوە، دواتر توانی دیزاینەكانی دیكە بە ناوی ئاگر و زەریاش پێشكەشی خەڵك و هەوادارانی بكات، لە نمایشە تایبەتەكەی كۆلێكشنی لارا دزەییدا لە هەفتە نمایشەكە لە پاریس، دیزاینەكانی كە لە كۆلێكشنەكەدا نمایش كرا، ڕەنگی جیاوازیان تێدا بەكار هاتبوو، گرنگی بە ڕەنگی ڕەش درابوو، ئەگەرچی زۆربەی نمایشكاران بیانی و ئەوروپی بوون، بەڵام سیمایەكی جوانیان بە جلی كوردی بەخشی بوو، كارەكانی لارا بریتی بوو لە گەشاندنەوەی شێواز و كلتووری كوردی لە بەرهەمەكانیدا، بۆ نموونە یەكێكە لە نمایشكاران دیزاینێكی پۆشیبوو كە جامانەی سوور و ڕەش و جلی سەربازیی تێدا بەكار هاتبوو، كۆی دیزاینەكانی ئەو خاتوونە دەگاتە زیاتر لە (30) دیزاینی جۆراوجۆر، كە پێشتر و لەو نمایشەشدا زۆربەی بەسەر لەشولاری خانمانی نمایشكار ڕەنگی دەدایەوە.

 

Top