فیستیڤاڵی ڕۆشنبیری بـێ سنوور بەڕێوە چوو
بە ئامادەبوونی دكتۆر نەوزاد یەحیا باجگر، سەرۆكی ئەمینداریەتیی زانكۆكانی جیهان و ئاریان سەڵاحەدین بریكاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و ژمارەیەكی زۆر لە ئەدیب و نووسەر و شاعیر و هونەرمەندان لە چوارچێوەی فیستیڤاڵی(ڕۆشنبیری بێ سنوور) بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆڕبەندی ئەزمەڕ بۆ ڕۆشنبیری و هونەر، دیدارێكی ڕۆشنبیری و هونەری لە زانكۆی جیهان ئەنجام درا. سەرەتا بە كردنەوەی پێشانگای شێوەكاری خانمە هونەرمەند سارا تەڵایی دەستی پێ كرد، دواتر ژمارەیەك وتار پێشكەش كران، ئینجا ئاهەنگ و گۆرانی و خوێندنەوەی شیعر و نمایشی شانۆگەری و واژووكردنی كتێبی مۆنالیزای خاتوو سروە و بڕوانامە بەخشرایە بەشداربووانی ئەو دیدارە.
مەبەست لە ئەنجامدانی ئەم فیستیڤاڵە لێک نزیککردنەوەی ئەدهبی و نووسەرانی شارەکانی پارێزگاکانی کوردستان و عێراق و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان بوو، لە نێوان ئەدیبانی شارەکان، لە بارەی ئەنجامدانی ئەم فیستڤاڵەش ئەندازیار بورهان سابیر سەرۆکی دەزگای ڕۆشنبیریی زانکۆکانی جیهان بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «ئەنجامدانی ئەم جۆرە فیستیڤاڵە زیاتر خزمەتکردنی بواری ڕۆشنبیری و هونەری و کهلتووریە لە نێوان پارێزگاکان و کۆکردنەوەی سەرجەم ئەدیبانە لە هەولێری پایتەختی کوردستان، کار و چالاکییە هونەرییەکانمان بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی زۆرترین خزمەت لەم بوارە ئەنجام بدەین».
هەروەها مەهدی حافز بەشداربووی ئەم فیستیڤاڵە بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «ئێمە لە شاری بەغداوه هاتووین و زۆربەی ئەدیب و نووسەر و شاعیرانی شارەکانی عێراق هاتووین بۆ هەولێر و لە کەشێکی ئارام ئەم فیستیڤاڵەمان دەوڵەمەندتر کردووە، دەمانەوێ ئەم هەماهەنگییە لە نێوان شارەکان بەردەوام بێت، چونکە شارەکانی عێراق و کوردستان خاوەنی کهلتوور و شارستانیی بەرزن و هونەردۆستن.
