گۆڕانی هەستی بۆنكردن
وەرگرە دەمارییەكانی هەستی بۆنكردن كەوتوونەتە لووت، لەگەڵ هەناسەوەرگرتندا مۆلیكیۆلەكانی بۆن دەگەنە ئەم وەرگرانە كە سیگنال بۆ مێشك دەنێرن، بەم شێوەیە جۆری بۆنەكە لە مێشك هەستی پێدەكرێت و شیدەكرێتەوە. گۆڕانی هەستی بۆنكردن Parosmia لەوانەیە كە لە ئەنجامی گەلێك حاڵەت و نەخۆشی رووبدات، لەوانەشە كە هاوكات بێت لەگەڵ گۆڕانی چێژی هەندێك خۆراك و شلەمەنیدا. هۆكارەكان: هەوكردنی بەكتریایی یان ڤایرۆسی وەكو كۆڤید19، زێدەگۆشتی ناو لووت Polyp، جگەرەكێشان، زەبر بۆ ناوچەی سەر، بەركەوتن بە ماددەی كیمیایی وەكو ئەمۆنیا یان نیكل، زیانی لابەلای بەكارهێنانی هەندێك دەرمان، چارەسەری كیمیایی كە بۆ شێرپەنجە بەكاردێت، نەخۆشیی ئەلزهایمەر، هەروەها نەخۆشیی پاركینسۆن. گۆڕانی هەستی بۆنكردن هەندێك جار لەخۆیەوە چاكدەبێتەوە، هەنگاوەكانی چارەسەركردن: دۆزینەوە و چارەسەركردن هۆكارەكان، دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان و ماددە كیمیاییەكان، چارەسەركردنی گیرانی لووت یان زێدەگۆشتی ناو لووت (ئەگەر هەبێت) لە لایەن دكتۆر، بەكارهێنانی دەرمان بۆ حاڵەتەكانی هەوكردن، لەگەڵ ئەنجامدانی مەشقی بۆنكردن Olfactory training لە رێگای رۆژانە بۆنكردنی توندی بۆنی جیاواز بۆ ماوەیەكی دیاریكراو.
