كازیوە سەید ساڵح: بیرۆكەی دامەزراندنی خواردن و شیرینی كازیوەی بێخاڵ خۆم بووم و ئاواتی منداڵیم بوو
شیرینی و خواردنی كازیوەی بێخاڵ، كە بە كازی كێك ناسراوە، گرووپێكی بچووكن، شیرینی و خواردنی ئامادەكراو، ئامادە دەكەن، بۆ ئەوانەی كە پێویستیان بەو جۆرە خواردنەیە، لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە خەڵك داوای بەرهەمەكانی ئەو گرووپە دەكەن، جگە لەوەی شوێنی خۆیان هەیە، هەروەها بە ڕێگەی دلیڤەریش شیرینی و خواردنەكانیان بەردەستە، لەم باریەوە كازیوە خان وەڵامی چەند پرسێكی گۆڤاری گوڵانیان دایەوە:
* بیرۆكەی دامەزراندنی شیرینی و خواردنی ئامادەكراو چۆن بوو، چۆن توانیتان لە جەماوەر نزیك ببنەوە؟
- بیرۆكەی دامەزراندنی خواردن و شیرینی كازیوەی بێخاڵ خۆم بووم و ئاواتی منداڵیم بوو، دایكم و باوكم بە خۆشحاڵییەوە پشتگیرییان كردم.
* كێن ئەوانەی داوای شیرینی و خواردنەكانتان دەكەن؟
- زیاتر شیرینی و خواردنەكانمان كۆمپانیا و ساڵۆن و ئەو كەسانەی كە بۆنەو ئاهەنگیان هەیە داوامان لێ دەكەن، جوانترین و خاوێنترین خواردن و شیرینییان پێشكەش بكەین.
* وەستا و چێشتلێنەر و ئامادەكارەكان خەڵكی بیانین، یان كوردی خۆمانن؟
- خەڵكی خۆمانن بە تایبەت دایكم كە بەدەستی خۆی خواردن ئامادە دەكات.
* چ جۆرە شیرینی و خواردنێك ئامادە دەكەن؟
- شیرینییەكان وەك (كولیچە، برمە، پاقلاوە، شەكرلەمە، كێكی بەكونجی، خشخش،ترالیچە و...هتد)، خواردنەكانیش وەكو (دۆڵمە،كفتە بە چوارجۆر، بریانی، برنج بە سركە، برنجی كوردی، قەلیە، سەروپێ، مریشكی خۆشكراو، كوبە، ساوار، قوڕاو و...هتد.
* تەنیا بۆ بۆنە و ئاهەنگەكان خواردن و شیرینی دروست دەكەن یان بۆ داواكاری تایبەتیش؟
- بۆ داواكاری تایبەتیش دروست دەكەین بە خۆشحاڵییەوە موشتەری ئەو كاتە دێت كە لە فڕن كولیچەمان دەرهێناوە و بە گەرمی پێشكەشیان دەكەین.
* چەند كەسن ئەو كارە بەڕێوە دەبەن؟
- شەش كەسین و ستافێكی بچووكین.
* تا چەند هەستتان كردووە خەڵك لێتان ڕازین؟
- خواردن و شیرینییەكانمان تام و چێژیان خۆشە و خاوێنە تا ڕادەیەكی زۆر خەڵك لێمان ڕازییە.
* پرۆژەی داهاتووتان بۆ پەرەپێدانی ئەو كارەكەتان چییە؟
- پلانم وایە كە شوێنەكەم گەورەتر بكەم و ستافێكی گەورە پێك دێنم و لقەكانی دوكانم لە هەموو شارەكانی كوردستان دەكەمەوە و زیاتر و زیاتر تا بتوانم خەڵك ڕازی بكەم.
