بەهای خۆراكیی دانەوێڵەی تەواو
دانەوێڵەی تەواو Whole grains بەوە ناسراوە كە دەوڵەمەندە بە ماددەی خۆراكی گرنگ و هاندەرە بۆ خۆپاراستن لە گەلێك حاڵەت و نەخۆشی. دانەویڵەی تەواو هەموو بەشەكانی دانەویڵە لەخۆدەگرن لە توێكڵی دەرەوە (كەپەك) لەگەڵ هەموو بەشەكانی تری ناوەوە، بە مانایەكی تر هیچ مامەڵەی ئەوتۆیان لەگەڵدا نەكراوە كە بووبێتە هۆی لابردنی هیچ بەشێكی دانەوێڵە. دانەوێڵەی تەواو وەكو گەنم، ساوار، جۆ، وردە گەنمەشامی، وردە شوفان، دەوڵەمەندن بە بە ڕیشاڵی تواوە و نەتواوە، ئاسن، مەگنسیۆم، سیلینیۆم، زینك. سوودە تەندروستییەكانی دانەوێڵەی تەواو: دابەزاندنی پەستانی خوێن، دابەزاندنی ئاستی هەوكردن لە لەشدا لەوكاتەی كە دانەوڵەی تەواو سیفەتی دژەئۆكسانی هەیە، كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە بەتایبەتی شێرپەنجەی كۆڵۆن و پەنكریاس، پاراستنی تەندروستیی پوك و ددان بەوەی كە دانەوێڵەی تەواو سیفەتی دژەهەوكردنی هەیە، دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیرۆل لە خوێندا، ڕێكخستنی ئاستی شەكری خوێن بەهۆی ڕێژە بەرزەكەی ڕیشاڵی تواوە، پاراستنی تەندروستیی كۆئەندامی هەرس هاوكات لەگەڵ زیادكردنی ڕێژەی بەكتریای سوودبەخش لەریخۆڵەدا Probiotics بەهۆی ڕێژە بەرزەكەی ڕیشاڵی نەتواوە، هەروەها كۆنترۆلكردنی كێشی لەش چونكە كە هەستی تێربوون بۆ ماوەیەكی باش درێژ دەكەنەوە.
