چاوەكانت لە تیشكی خۆر بپارێزە
تیشكی خۆر تیشكی سەرووی وەنەوشەیی لەخۆدەگرێت كە هۆكارە بۆ خۆربردن و گرفتی تری پێست، هەروەها گرفت بۆ چاوەكان پەیدا دەكات. تیشكی سەرووی وەنەوشەیی 2 جۆری هەیە، جۆری UV-A كە دەگاتە ناوەوەی چاو و زیان بە تۆڕەی چاو Retina دەگەیەنێت بە شێوەی پوكانەوەی پنتی ناوەڕاست AMD، هەروەها جۆری UV-B كە زیان بە بەشەكانی پێشەوە چاو دەگەیەنێت واتە چینی كۆرنیا و هاوێنەی چاو بە شێوەی ئاوی سپی Cataract، هەروەها لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری شێرپەنجەی پێستی دەوری پێڵووەكان. گەورە و منداڵ بە هەمان شێوە ڕووبەڕووی كاریگەرییە نەرێنییەكان تیشكی سەرووی وەنەوشەیی لەسەر چاوەكان دەبنەوە، زیاد بەركەوتن و زیاد مانەوە لەبەر تیشكی خۆردا بێ پاراستنی دروستی چاوەكان هۆكارە بۆ روودانی زیانی گەورە لە بەشە جیاواز و گرنگەكانی چاودا. تاكە ڕێگا بۆ پاراستنی چاوەكان لە زیانەكانی تیشكی سەرووی وەنەوشەیی بریتییە لە بەكارهێنانی چاویلكەی هەتاوی دروست كە تا رێژەی 100% ڕێگا بگرێت لە گەیشتنی هەردوو جۆری UV-A و UV-B بە چاوەكان.
