كاتژمێری بایۆلۆژیی لەش چییە؟
ڕیتمی كاتژمێری بایۆلۆژیی لەش Circadian rhyrhm كردارێكی سرووشتیی لەشە لە مێشكەوە كۆنترۆڵ دەكرێت بۆ ڕێكحستنی شێوازی خەوتن و بیداربوونەوە، یان كاتژمێری ناوەوەی لەشە كە لەسەر سووڕێكی 24 كاتژمێری كاردەكات و كاریگەریی هەیە لەسەر خەو، بیداربوونەوە، خواردن، دەردانی هۆرمۆنەكان، ئارەزووی خواردن و هەرسكردن، پلەی گەرمیی لەش، هەروەها ئاستی كۆلیستیرۆڵ و شەكری خوێن، لەگەڵ چەند چالاكییەكی ڕۆژانەی دیكەدا. گۆڕان و تێكچوونێكی كەم لە ڕۆتینی ڕۆژانەدا كە بەردەوام بێت، ڕیتمی كاتژمێری لەش تێكدەدات كە پێویستی بە (ریسێت كردنەوە) دەبێت بە پەیڕەوكردنی چەند هەنگاوێكی تەندروست، كە لەوانەیە كار بگاتە بەكارهێنانی چەند دەرمانێك بە ڕێنمایی دكتۆر. ئەو هۆكارانەی ڕیتمی كاتژمێری لەش تێك دەدەن، بریتین لە: دووركەوتنەوەی بەردەوام لە بەركەوتن بە تیشكی خۆر، خواردنەوە كافائینییەكان لە درەنگانی ڕۆژ یان لە شەودا، سەفەری دوور Jet lag كە كاریگەری دەكاتە سەر درەدانی هۆرمۆنی خەو یان میلاتۆنین Melatonin، كاركردن لە شیفتی جیاوازدا Shift work، تیشكی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان، یان تیشكی شینی تەلەڤزیۆن و كۆمپیوتەر و مۆبایل، بەتایبەتی لە ماوەی دوو كاتژمێری نزیك كاتی خەوتن، هەروەها زیانی لابەلای هەندێك دەرمان.
