پێكەوەژیانی ئاشتییانە و ڕۆڵی هونەر لە نزیككردنەوەی پێكهاتەكان

پێكەوەژیانی ئاشتییانە و ڕۆڵی هونەر لە نزیككردنەوەی پێكهاتەكان

یەكێ لە سیما هەرە دیار و جوانەكانی كوردستان، پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێو پێكهاتەكانیەتی، كە ئەوەش ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی قووڵی هەیە و پێشینانمان زۆر بە باشی كاریان بۆ كردووە، بەتایبەت لای بەهەشتی (شێخ عەبدولسەلامی بارزانی) و دوای ئەویش لە ماڵبات و شوێنكەوتووانی ڕێ و ڕێبازەكەی، ئەم چەمكی پێكەوەژیانە، هاوكات ژینگەدۆستی و مرۆدۆستی و عەدالەتخوازی، كۆڵەكەی هەرە گەورە و پتەوی بڕوا بوونە و تا سەر كاریان بۆ كردووە.

پێكەوەژیانی ئاشتییانە و ڕۆڵی هونەر لە نزیككردنەوەی پێكهاتەكان

ئامادەكردنی/فەرهەنگ غەفوور
ئێستا لە هەرێمی كوردستان ئەو پێكەوەژیانە ئاشتییانەیە بەرقەرارە و ڕەنگدانەوەی ئەوێ ڕۆژێیە، هەروەها سیمایەكی درەوشاوەی كۆمەڵگەی كوردەواری و حكوومەت و دامەزراوەكانیەتی لە ناو خۆمان و لە دەرەوەش، بەتایبەت كە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم چەكەدا نەك هەر هەنگاوی باشی شایان بە باسی نییە، بەپێچەوانەوە، تا سەرئێسقان دژبەری و بەخوێنی سەری یەكتر تینووێتی لە ناو كۆمەڵگەكان و پێكهاتەكان و تەنانەت سیستمە حوكمڕانییەكاندا هەیە و گیانی یەكترقبوڵكردن نەك باسی نییە، بەڵكوو هەڵكوتانە سەر یەكدی و داگیركاری و خواردنی مافی ئەوانی دیكە بە درێژایی مێژوو تا بە ئەمڕۆش دەگات، پەیڕە و دەكرێ و بەرهەمەكەیشی دەبینین، كە ساڵەهای ساڵە ناوچەكە لە ناو گێژاوی شەڕ و كوشتار و خوێناودا دەتلێتەوە.
بەهەرحاڵ، كوردستان بەگشتی و هەرێمی كوردستان (باشووری كوردستان) بەتایبەتی، بە هیچ شێوەیەك بە دەوروبەر بەراورد ناكرێ، ئەوەی لە كوردستاندا هەیە و پەیڕەو كراوە و دەكرێ، ئەوەیەكە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەكان ئازاد و بێ كێشە و گرفتن، هەر ئەوە نا، بەڵكوو هەموویان تەواوكەری یەكترن و كۆمەڵگەیەكەمان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە بووە بە خێزانێكی ڕەنگاوڕەنگ.
ئەوەی لێرەدا دەمەوێ ئاماژەی بۆ بكەم، ڕۆڵی هونەرە بەگشتی لەو پێكەوەژیان و لەیەكترنزیكبوونەوەی پێكهاتەكان.
لە كوردستاندا هونەر لە خزمەتی مانەوە و بەرگری و پێشكەوتنی دۆزی ڕەوای گەلەكەماندا بووە بە هەموو پێكهاتەكانیەوە، جا هونەرەكان بە هەموو شێوەكان، چ موزیك و گۆرانی و هەڵپەڕكێ بن، یان شانۆ و شێوەكاری و هونەری سینەما و كاری دەستی و ...تد.
هونەر لێرە بە ئازادانە گوزارشتی لە دید و كلتوور و فەرهەنگی پێكهاتەكان كردووە و لای ئەوانی دیكەیش قبوڵكراو و ڕێزلێگیراو بووە، هونەر هەر خۆی لەخۆیدا بۆ لێكتێگەیشتنی مرۆڤایەتی و لێكنزیكبوونەوە و یەكترقبوڵكردن و یەكتر تەواوكردنە، بەتایبەت لە كوردستان ئەو چەمكە بە تەواوی بەرجەستە كراوەو، دەیان داستان و بەرهەمی میللی و فلكلۆری و سەردەمیانە ڕاستیی سەرەوە دەسەلمێنن.
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشماندا، ئەركی هونەر و هونەرمەندان ئەوەیە، زیاتر چەمكی پێكەوەژیانی ئاشتییانە و مرۆدۆستییانە بەرجەستە بكەین و پەرەی پێ بدەین، بۆ ئەوەی ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵەی ساڵەهای ساڵە بناغەی بۆ دانراوە و دیواری لەسەر هەڵچنراوە، بەردەوامیی پێ بدەین و بەرزتری بكەین.

Top