نیشانەكانی بەردی گورچیلە

نیشانەكانی بەردی گورچیلە

  بەردی گورچیلە Renal stone بریتییە لە نیشتوویەكی ڕەق كە پێكهاتووە لە كالسیۆم و خوێیەكان و كانزای دیكە لە ناو خودی گورچیلە یان ڕێڕەوەكانی میزەڕۆدا. هەندێك جۆری بەردی ورد لە گورچیلەدا دەمێننەوە و هەرگیز نابنە ئەگەری هیچ نیشانەیەك و پاش ماوەیەك بێ هیچ چارەسەرێك لەگەڵ میزدا فڕێ دەدرێن، كەچی هەندێكی دی لە قەبارەوە گەورە دەبن و بۆ چارەسەر پێویست بە نەشتەرگەری یان ڕێگەی دیكە دەكات. نیشانەكانی بەردی گورچیلە: ئازار لە تەنیشت یان خوارەوەی پشت كە لەگەڵ جووڵەی بەرد لە ڕێڕەوەكانی میزەڕۆدا سەرهەڵدەدات و توندییەكەی پەیوەستە بە قەبارەی بەردەكە، هەروەها لەوكاتەی كە بەرد ڕێڕەوەی میز دەگرێت ئەوا ئازارەكە زۆر سەخت و هاوكات دەبێت لەگەڵ ئارەقەكردن یان هێڵنج و ڕشانەوە و ناڕەحەتیی زۆر، بوونی خوێن لەگەڵ میزدا Hematuria بە شێوەی پەمەیی و لێڵبوونی میز، نیشانەكانی هەوكردنی میزەڕۆ كە زۆر جار هاوكات دەبن لەگەڵ بوونی بەرد وەكو بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش، لەرزوتا لەگەڵ هەستكردن بە هیلاكیی بەدەنیی سەخت.

 

 

Top