تیپـی شانۆی ئاشتی(2-2)
ئامادەكردنی/تاریق كارێزی
تیپی ئاشتی و بەركوڵێك
ئاوڕێك لە مێژووی دامەزراندنی تیپی شانۆی ئاشتی دەدەینەوە، وەك یەكێك لە تیپەكانی شانۆ لە شاری كەركووك، بە نموونە وەری دەگرین، بۆ ئەوەی پیشانی بدەین، تێكۆشانی شانۆكاران و هونەری شانۆ چ ڕۆڵێكی لە پاراستنی كولتوور و ناسنامەی شارەكەدا هەبووە. لە دوای تیرۆر كردنی شۆڕشی كورد لە ساڵی 1975دا، ئیدی ڕژێمی بەعسی داگیركەر پلانی تیرۆر كردنی كولتووری دەرهەق بە كوردی باشوور پیادە كرد. یەكەمین هەنگاوی تیرۆری كولتوور لە كەركووك، نەهێشتنی خوێندنی كوردی و قەدەغە كردنی هەر چالاكییەكی هونەر و ڕۆشنبیری، پاشان قەدەغە كردنی بە كوردی قسە كردن بوو. لەو هەلومەرجە دژوارەدا، كۆمەڵێك قوتابی لە ئامادەیی موسەڵڵای كوڕان لە كەركووك، لە 23/تشرینی دووەم/1991 تیپی شانۆی ئاشتی دادەمەزرێنن. لە بارەی دامەزراندنی ئەو تپیەوە، هونەرمەند سیروان بێلانە دەڵێت، ئەم تیپە بۆیە دامەزرا، تا «مێژووە پڕ لە سەروەرییەكەی شانۆی كوردی لە كەركووك و دووبارە جێگیر كردنەوەی پێگەی شانۆی كوردی لەسەر نەخشەی شانۆی كەركووك و كوردستان»، بگرێتە ئەستۆ. دامەزراندنی ئەم تیپە، ڕێی بۆ دامەزراندنی چەندین تیپی دیكەی شانۆ لە شاری كەركووك خۆش كرد. بەم جۆرە لە ساڵانی وشكە كولتووردا، كە گوشاری دژە كورد لە لایەن بەعس و ڕژێمەكەیەوە گەیشتە ئەو پەڕەكەی، شانۆ لەو شارەدا بوو بە ئامێزێك بۆ ڕاگرتنی شكۆی زمانی كوردی و پاراستنی كولتووری نەتەوەیی.
تیپی شانۆی ئاشتی لە ماوەی چارەكە سەدەیەكدا، 85 نمایشی شانۆیی و 6 درامای تەلەفزیۆنیی پێشكەش كردووە، جگە لە بەشداری كردنی لە دەیان مەراسیم و فیستیڤاڵ و كۆڕ و دیدار و كۆنفرانسی شانۆیی. هەڵبەت ئێمە، وەك گوتمان، لێرەدا باسی یەك تیپی شانۆی شاری كەركووك دەكەین، كۆی بەرهەمی تێكڕای تیپەكانی شانۆی شارەكە لە ساڵی 1991ـەوە تا دەگاتە ئێستا، خەرمانێكی زۆر گەورەیە و بەشێكی گرنگ لە مێژووی شانۆی كوردستان پێك دەهێنێت، ئەمەش لە چوارچێوەی وتار تێپەڕ دەكات. شیاوی باسە، ڕۆژی 17/ئایار/2023 تیپی شانۆی ئاشتی و بەشی ڕۆشنبیری و هونەری كەركووك، بە سپۆنسەری گۆڤاری تۆبزاوە، مینی درامای (كوشتنی خۆزگەكان)یان لە شاری لاهای لە هۆڵەندا پێشكەش كرد.
لە ڕووی هەڵدانەوەی چەند لاپەڕەیەكی مێژووی شانۆی كوردی لە كەركووك، چەند پرسیارێكمان لە هونەرمەند سیروان بێلانە، ئەندامێكی چالاك و دارای هونەری تیپی شانۆی ئاشتی كرد. پێمان گوت:
*بۆچی پێت وایە شانۆ بۆ ژیانی كۆمەڵ گرنگ و كاریگەرە؟
-شانۆ بەشێكی دانەبڕاوە لە كۆمەڵگە و ڕەنگدانەوەی كێشەكانی كۆمەڵە، بۆیە ناتوانین ئەم دووانە لە یەكدی جیا بكەینەوە. كەوا بوو، شانۆ گرنگی و كاریگەریی خۆی لە پێشكەوتنی كۆمەڵدا هەیە، بەڵام ئەمەی كە باسی دەكەین، كەی و لە كوێ دەبێت؟ لە وڵاتێكدا، لە كۆمەڵگەیەكدا كە شانۆ بناغەیەكی پتەوی هەبێت و لە لای هەموو تاكێكی كۆمەڵ خۆشەویست كرا بێت، هەروەها بە سیستەم كرا بێت و بە پلان كار بكات، بۆ خستنە ڕووی گرنگیی ڕۆڵی ئەم بەشە هەستیارەی هونەر لە سەرجەم كایەكاندا، ئەوكات، بە دڵنیاییەوە ڕۆڵی بەرچاوی شانۆ دەبینین لە ڕووی بەشداری كردن لە پێشخستنی پێگەی هاووڵاتی و كۆمەڵگە، لە ڕێی بەخشینی جوانیی هەمیشەیی بە ژیان.
