حەمە ڤاینەر: لە سەردەمی مۆبایلی نۆكیاوە دەستمان بە ڤیدیۆ و گرتەی ڤاین كرد
موحەمەد ڕزگار، ئەو كوڕە گەنجەی توانی لە تەمەنێكی بچووكەوە بە هاندی ئاسایی و ساڵانی 2007 شارەزایی لە كاری نواندن و ڤیدیۆی كورتی كۆمێدیی (ڤاین) چەندین كاری بچووك بكات، تا ئەو كاتەی لەلایەن كەسانی دیكەوە ستایشی كارەكانی كرا و جەماوەری هەبوو توانی لەسەر ئەو كارە بەردەوام بێت، بە قسە خۆش و ڤیدیۆ پڕ زەردەخەكانی، توانیویەتی دڵی جەماوەر و هەوادارانی خۆش بكات، لە چاوپێكەوتنێكی گوڵاندا وەڵامی چەند پرسێكی دایەوە بەم جۆرە:
* نازناوی حەمە ڤاین یان ڤاینەر چۆن پەیدا بوو، ئایا پێت خۆشە بەو ناوە ناسراویت؟
- ئێمە لە ساڵی 2012 دەستمان بە كاری كۆمیدیا كرد، بۆیە ئەو ناوەشمان هەڵبژارد چونكە ناوی موحەمەد زۆرە، من ناوی خۆم موحەمەد ڕزگارە، لایڤێكمان كردەوە كە ڕای خەڵكمان وەرگرت، كە چ نازناوێك بۆ كارەكەم گونجاوە، خەڵك زۆربەی گوتووبیان (ڤاینەر)، ڤاین واتە كورتە ڤیدیۆی كۆمێدی، ڤاینەر واتە ئەوەی كۆمیدیا بەڕێوە دەبات، زۆریش دڵ خۆشم و ناوبانگێكی باشم پێی پەیدا كرد.
* بیرۆكەی دەستپێكردنت بە كاری ڤاینەری چۆن بۆ هات؟
-لە ساڵی 2007 بە هاندی زۆر ئاسایی بە دوو مۆبایل بە ئامێرەكانی نۆكیا كورتە كۆمێدی و شیعرخوێندنەوە و شتی خۆشیمان وێنە و ڤیدیۆ دەكرد، كارەكەمان لەوێوە سەری هەڵدا.
* بڕوانامەت لە چیدا هەیە و چۆن شارەزای بەكارهێنانی ڤیدیۆ و ڤاینكردن بوویت؟
-ئێستا لە زانكۆی سەڵاحەدین لە بەشی زمانی توركی دەخوێنم، شارەزاییم لە ڤیدیۆ و كارەكەمدا وەك وەرەسەیەك لە كەسانی خزم و باوباپیرانمان بۆ ماوەتەوە، نموونەش هونەرمەند و ئەكتەری گەورە خوای لێ خۆش بێت، جەلال بەیارە، كە خاڵی باوكمە.
* لە نێو ناودارانی ڤایندا یەكێكیت لە كەسێتییە دیارەكان، تا چەند هەست دەكەی جەماوەر بەو كارەت دڵخۆشن؟
- بەهۆی ئەوەی خەڵك ئێمەی خۆش دەوێت و كارەكەمان لەگەڵ كۆمەڵگەیە، نەمانویستووە خەڵك بەلاڕێدا ببەین، زیاتر ویستوومانە پەندێك یان وانەیەك ببەخشین، تاوەكو ئێستا 502 ڤیدیۆمان هەیە و بەردەوامیش دەبین، چونكە خەڵك ئێمەی گەورە كردووە و پشتگیریمان دەكەن.
* پاڵپشتی خێزان و دایك و باوكت چۆن بوو كە دەستت بە كاری ڤاین كرد؟
-وەكو پاڵپشتی گەورەم دایكمە، كە زوو زوو دەڵێ كوا ڤیدیۆی نوێت، من خوشك و برام نییەو تاقانەم، لەلایەن خاڵم و دایكم گەورە كراوم، هاوسەرگیریشم نەكردووە.
* پڕۆژە و كاری داهاتووت هەیە؟
- كاری داهاتووم، زۆر جار هەوڵی كاری فیلمی سینەماییم داوە، بەڵام پشتگیریم نەبووە، تاوەكو بەم دواییە سیناریۆیەكی خۆم لەلایەن خۆم و تیمەكەمەوە ئامادە كرا، كە دوو كاتژمێر و نیوە وە و سێ مانگی خایاندووە بە ناوی (شەهید) بەڵام سپۆنسەر نەبوو و تەنیا وەزارەتی ڕۆشنبیری وەك مەعنەوی پشتگیری كردین، بەڵام دەرامەتمان نەبوو كاری لەسەر بكەین، كە نرخێكی زۆر كەمە، بەڵام پشتگیریمان نەبووە.
* مانگانە چەند ڤین لە سناپ و ستریك و پۆست بڵاو دەكەیتەوە؟
- ئێستا هەفتانە ڤیدیۆیەك بڵاو دەكەینەوە واتە مانگی چوار ڤیدیۆ، بەڵام ڤیدیۆكانی ئێستا درێژن و وەكو جاران نییە كە كورت بێت، زیاتر لە ئینستاگرام و یوتۆب و فەیسبووك، كە هەندێكیان زیاترن لە 12 خولەك، لە ساڵی 2019 پلەی یەكەمی ئاستی كوردستان بووین لە بواری كۆمێدیا و خاوەن فیریڤا و بڕوانامە و قەڵغانی یوتوبین، كارەكانمان ڕێگە پێدراوە، هەروەها خاوەن گۆڵد ستارین لە سناپچات.
* بۆ خۆشی و كامەرانیی خۆت یان بۆ بەدەستهێنانی ماددی كاری ڤین و بلووگەری دەكەی؟
-پێشتر من لە ساردەمەنی كارم دەكرد، بەهۆی كاری ڤاینەوە وازم لە كارەكەم هێنا كە داهاتێكی باشم هەبوو، تاوەكو شەش ساڵ بە خۆڕایی ئەو كارەم دەكرد و بەبێ بەرامبەریش ڤیدیۆمان بڵاو دەكردەوە، تەنانەت بە تاكسی هاتوچۆی زانكۆ و كاری خۆم دەكرد، دواتر خزمان و كەسانی نزیك ڕخنەی ئەوەیان گرت، كە كارێكی پرۆفیشناڵ دەكەن، بۆ بە خۆڕایی ئەو كارە دەكەی، ئێستا كارەكانمان بەردەوامە، چەندین ڕێكلامم ڕەت كردووەتەوە كە بە پارەی زۆرەوە بۆم هاتووە، بەڵام زیانی بۆ خەڵك هەبووە، بۆیە نەمكردووە
