جوانترین مزگەوتەكانی كوردستان و جیهان
ئەندازە و باڵەخانەی جوانترین مزگەوتەكانی جیهان بە جوانترین شێوە دانراون، لە كوردستانیش تا ئێستا مزگەوتی جەلیل خەیات بە جوانترین مزگەوت دادەنرێت، هەروەها لە جیهاندا چەندین مزگەوتی دیكە هەن لەوانە: مزگەوتی (پوترا) لە مالیزیا بە یەكێك لەجوانترین مزگەوتەكانی جیهانە، لەسەر دەریاچەی (پوترا) دروست كراوە و جێگەی (15) هەزار كەس دەبێتەوە، لە ساڵی (1999) دروست كراوە. مزگەوتی كریستاڵ لە مالیزیا كە مزگەوتێكە لە كریستاڵ دروست كراوە و هەموو هۆكارەكانی تەكنەلۆژیای سەردەمی تێدایە، وەك ئەنتەرنێت كە بەهۆیەوە ئەو كەسانەی دێنە مزگەوتەكە دەتوانن بەشێوەیەكی ئەلیكترۆنی قورئان بخوێنن، ئەم مزگەوتە بە دووەم گەورەترین مزگەوتی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دادەنرێت و شوێنی زیاتر لە 15 هەزار كەس دەبێتەوە. مزگەوتی شیانی مەزن لە چین، بە جوانترین مزگەوتی جیهان دادەنرێت، بەگوێرەی هونەری بیناسازیی چینی دروست كراوە، كە نە گومەزی تێدایە نە شوێنی بانگدان، ئەم مزگەوتە بە نەخش و ئایەتی ئیسلامی ڕازێندراوەتەوە. مزگەوتی فەیسەڵ پاشا لە پاكستان: ئەم مزگەوتە دەكەوێتە ئیسلام ئابادی پایتەخت لە نێوان چەند شاخ و بەرزاییەكی زۆر جواندایە، لە شێوەی چارۆگەیەك دروست كراوە كە گومەزی نییە، هۆڵی نوێژكردنەكەی شوێنی 10 هەزار كەس دەبێتەوە، هەروەها گۆڕەپانە دەرەكییەكانی شوێنی 15 هەزار كەس دەبێتەوە، ئەم مزگەوتە چوا منارەی هەیە و بڕی تێچوونی 40 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی بووە. مزگەوتی شوشەیی لە ئەڵمانیا: بەشێوەی پیتی لامی لاتینییە و دیوارەكانی لە جامی ڕوون دروست كراون، پێشەوەی مزگەوتەكە لە جامی شین و سپییە، هەروەها شاشە لە دەرەوەی مزگەوتەكە دانراوە كە كاتی نوێژی تێدایە و شاشەی ئەلیكترۆنییش لە ناوەوەی مزگەوتەكەدا هەیە، تا شوێنی دەستنوێژ هەڵگرتن نیشانی موسوڵمانان بدات. مزگەوتی شین لە توركیا: پێی دەگوترێت مزگەوتی (سوڵتان ئەحمەد) بە یەكێك لە شوێنە گرنگەكانی هونەری بیناسازیی ئیسلامی دادەنرێت و حەوت شوێنی بانگدانی تێدایە.
