ئەو حاڵەتانە چین كە دادوەر ناتوانێت داوا ببینێت؟
هەندێ حاڵەت هەیە كە پێویستە دادوەر(حاكم) واز لە بینینی داوەكـە بهێنێت و دادوەرێكی دیكە بیبینێت، وەك لە مادە (٩١) ی یاسای دادبینیی شارستانی ژمارە(٨٣) ی ساڵی ١٩٦٩ باسی كردووە، ئەوەش بۆ بەدیهاتنی دادپەروەرییە، چونكە دادوەریش مرۆڤە و لەوانەیە نەتوانێت دادپەروەر بێت، لەم حاڵەتانـە: ئەگەر دادوەر لەگەڵ یەكێك لە لایەنەكانی داوا پلەی خزمایەتییان هەبێت تا پلە چوار، ئەگەر كێشەیەكی كۆن هەبێت لە نێوان دادوەر و یەكێك لە لایەنەكانی داوا یان كەسوكاری دادوەر و یەكێك لە لایەنەكانی داوا، ئەگەر دادوەر پێشتر وەكیل یان وەصی یان قەیمی یەكێك لە لایەنەكان بوو بێت، ئەگەر ئەو داوایە بەرژەوەندیی یەكێك لە كەسوكاری دادوەری تیا بێت وەك دایك و باوك و خێزان و منداڵ، ئەمەش بۆ ئەوەیە كـە لایەنی سۆزداری زاڵ نەبێت بەسەر ئەو بڕیارە كە دەیدات، ئەگەر پێشتر ڕای خۆی دابێت لەسەر ئەو كێشەیە، وەك: پرسیان پێ كردبێت، شارەزایی هەبووبێت و وەك شارەزا قسەی تێدا كردبێت، هەندێك حاڵەتی دیكەیش هەیە وەك ئەوەی لایەنەكانی داوا دراوسێ یان هاوڕێی نزیكی دادوەر بێت، خۆی سەرپشكە لەوەی بیبینێت یان نا، بەڵام ئەو پێنج حاڵەتەی سەرەوە ئیجبارییە كە نەیبینێ.
