بەهرە و كارامەیی ئافرەتێك لە گوڵ فرۆشتن

بەهرە و كارامەیی ئافرەتێك   لە گوڵ فرۆشتن

لە دێر زەمانەوە ئافرەتانی كورد دەستڕەنگین و كارامە بوون، جاران بە شیشك و چنین و تەون چەندین مافوور و ڕایەخ و كومباریان دەچنی، تەنانەت هەندێكیان نەخوێندەەواریش بوون، كەچی بەهرەی دەست و مێشكیان زۆر بەرز بوو، بەرهەمە خۆماڵییەكانی پێشوو شاهێدن لەسەر لێهاتوویی ئافرەتانی كورد. خەنسا مەجید، خاتوونێكی شاری هەڵەبجەیە، تەمەنی 32 ساڵە و خێزاندارە دایكی منداڵێكە، هەروەها خاوەن پێداویستی تایبەتە و نەخۆشیی شێرپەنجەشی هەیە، بەڵام هەموو ئەوانە ڕێگر نەبوون لەوەی بەهرە و توانای خۆی لە گۆڕ بنێت، حەز و ویستی بۆ گوڵ و گوڵزارەكان زۆرە، ئەوەش وای كردووە كە كاری گوڵ و مەركانەگوڵ فرۆشتن لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە بكات، گوڵفرۆشەكەی هەڵەبجە بەپێی داواكاری گوڵ لە وڵاتانی هۆڵەندا و تایلەند و ئێران دەهێنێت، ئەویش لە ماڵەوە و بە دەستەكانی خۆی گوڵەكان دەڕوێنێت و پاشان بە دانە و دەستە بە خەڵكی دەدات، كارەكەی بە شێوەی ئۆنلاین دەكات، بۆ ئەوانەی كە یاد و بۆنەیەكیان هەیە، یان بۆ ڕۆژی مارەبڕین و هاوسەری و زەماوەندی بووكگواستنەوە كۆمەڵێك گوڵی جوان ئامادە دەكات، هەروەها گوڵی دیكەی هەن لە نێو مەركاندا دەڕوێنێت بۆ ئەوانەی حەز دەكەن مەركانەی گوڵ لە ماڵ و شوێنی كار و فەرمانگەكان دابنێن، وەك خۆی دەڵێت: «گوڵ هێمای جوانی و ئارامییە، بۆیە ئەو كارە دەكەم تا بتوانم دەستڕەنگین بم، داواكاری لەسەر بەرهەمەكانم زۆرە و ڕۆژانە دەیان مەركانە و دەستەگوڵ بە خەڵك دەدەم».

فۆتۆ: دانا حەمە غەریب

Top