نازدار حەیرانێكی هەولێر، بەربژێرە بۆ شاجوانی گەردوون

نازدار حەیرانێكی هەولێر، بەربژێرە بۆ شاجوانی گەردوون

سەناریا گۆران ئاغا، كچێكی قسە خۆش و شیرین، زیرەك و لێهاتوو، خاوەن جوانییەكی شەنگ و دڵرەفێن، سەناریای بە نوێنەرایەتی كوردستان و عێراقەوە خۆی بۆ بەدەستهێنانی شاجوانی گەردوون بەربژێر كردووە، لەسەر بەشداریكردنی لە شاجوانی گەردوون، گوڵان چەند پرسێكی ئاراستە كردووە:

 

*  شاجوان كێیە و كێ دەتوانێت بگاتە ئەو ئاستە؟

- بەو كەسە دەگوترێت شاجوان كە خزمەت بكات و پەیامی خۆی بگەیەنێت، ئەوكەسەی بگات بەو ئاستە، دەبێت بوێرانە وەڵامی پرسیار بداتەوە و ئەتەكێتی قسەكردنی باش بێت .

* ئایا مەبەستی كار و چالاكیی شاجوان بۆ كاری بازرگانی، یان خۆشی و شادییە؟

- كار و مەبەستی شاجوان لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دیكە جیاوازە، بەپێی ئەم وڵاتەیە كە تیایدا دەژی.

* تا چەند شاجوانانی كورد لە چاو ئاستی شاجوانە جیهانییەكاندا پێشبڕكێ دەكەن؟

- شاجوانانی كورد لە ڕووی مەرجەوە زۆر باش نین، من ناتوانم شاجوانی كورد بەراورد بكەم بە شاجوانانی جیهان .

* مەرجەكانی بوون بە شاجوان چین؟

- بۆ مەرجەكانی بوون بە شاجوانی گەردوون پێویستە: باڵایەكی بەرزت هەبێت، ژیانی هاوسەریت پێك نەهێنابێت، شەهادەت هەبێت، تەمەنت ١٨ ساڵ كەمتر نەبێت و لە ٢٨ ساڵ زیاتر نەبێت، جگە لە زمانی خۆت پێویستە شارەزای نزیكەی چوار بۆ پێنج زمان بزانیت، پێشتریش ئیشت كردبێت و چالاكی و پڕۆژەت هەبێت، توانای قسەكردنت لەسەر ستەیج و كامێرا زۆر باش بێت.

* پاڵێوراویت بۆ شاجوانی گەردوون، چۆن بوو ئەو بیرۆكەیەت بۆ هات؟

- من كە خۆم كاندید كرد، زۆر دڵنیا بووم لە خۆم و بینیم ئەو هێزەم تێدایە كە بەشداری بكەم .

* شاجوانانی كورد لاسایی شاجوانانی جیهانی دەكەنەوە یان كاری داهێنان دەكەن؟

- بەداخەوە شاجوانانی كورد زۆر باش نین، بەڵكو بگرە هاوەڵەكانی شاجوان ئیشی زیاتر دەكەن لە شاجوان، و من بە پڕۆسێسەكی گونجاوی دانانێم و لاسایی وڵاتانی دیكە ناكەنەوە، چونكە زۆرینەی شاجوانی وڵاتەكان سادەن، ئەوانەی لای خۆمان زیاتر خەریكی نەشتەرگەرین نەك پڕۆژە و چالاكی .

* گەر نازناوی شاجوانی گەردوونت بە دەست هێنا، چۆن كوردستان بە جیهان دەناسێنیت؟

- من وەكو كاندیدێكی كورد ئەوە پیشانی دەدەم كە ئێمەی كورد چەند بوێر و بەهێزین، با بزانن ئێمەش شوێنێكمان هەیە بەناوی (كوردستان)، و جلوبەرگی ڕەسەنی كوردی تایبەت بەخۆمان هەیە.

* بەڕێوە نەچوونی پێشبركێی شاجوانی كوردستان كاریگەریی هەیە؟

- بەڕێوەچوونی شاجوانی كوردستان بكرێت و نەكرێت هەر وەكو یەكە، هیچ جیاوازیەكی نییە.

* چ بوارێكت دەخوێنیت و چ كارێ دەكەی؟

- من قوتابیی زانكۆم لە بەشی یاسا، هەروەها چالاكوانم لەبواری مافی ئاژەڵان.

* مەرجەكانی شاجوانی گەردوون لە تۆدا هەیە؟

- نزیكم لەو ئاستەی كە ئەمەوێ بڵێم بەڵێ !

* پرۆژەی داهاتووت چییە؟

- پڕۆژەی من ئەوەیە كە یارمەتی ئاژەڵانی سەرجادە بدەم، چونكە لە عێراق و بەتایبەتی هەرێمی كوردستان، ڕۆژانە سەدان ئاژەڵ دەبینین لەسەر جادە، بەڵام هیچ شوێنێكی حەوانەوەیان نییە، دووەم پڕۆژەی من ئەوەیە كە یارمەتی خانەی بەساڵاچووان بدەم، لەگەڵ چەندەها چالاكیی دیكە.

 

Top