شیككردنی ئێكسسوار لەگەڵ جلوبەرگی رەشدا
ئاشكرایە جلی رەش سەرنجڕاكێش و بە جلی رۆمانسی و پایەدار ناسراوە، كاتێك لەگەڵ ئەو رەنگەی جلدا هەر خشڵێك بەكاردەهێنیت، جوانی و بریسەكداری پێوە دیار دەبێت، گۆڤاری (لاڤ نونو)، چەندین رێنمایی و ئامۆژگاری دەربارەی رێكخستنی خشڵ و ئێكسسوارەكان لەگەڵ جلی رەشدا بڵاو كردووەتەوە، وەك: كاتێك نیازت وایە بچیتە بۆنە و ئاهەنگێك، پێویستە خشڵی سادە و ئاسایی لەبەر بكەیت، هەروەها رەنگەكانیش دەبێ لە سەوز و شین و زەرد بن، مەرجیشە ئێكسسوارەكانت گەورە بن، تا لە نێو رەنگی رەشی جلەكەتدا رەنگدانەوەیان هەبێت. كاتێك جلێكی رەشت هەڵبژاردووە كە سینگی لە شێوەی چوارگۆشەدا بێت، ئەو كاتە پێویستت بە ئێكسسواری ملوانكەی بچووك و كورتە، بەڵام دەبێ گوارەكانت گەورە بن، رەنگی ئەو خشڵانەش پێویستە لە رەنگی زەرد و ئەڵماس و زیووی بن، بە پێچەوانەش ئەگەر یەخەی جلەكەت لە شێوەی (V) ئینگلیزی یان ژمارە حەوت بێت، پێویستە خشڵەكانت گەورە بن و گوارەشت بچووك بێت، دەكرێت خشڵ و ئێكسسوارەكانیش رەنگاورەنگ بن. ئەگەر جلەكەت بریقەدار بوو، پێویستە خشڵ و ئێكسسوارەكانت تاك رەنگ بێت، واتە نابێت رەنگاورەنگیی پێوە دیار بێت، كە ئەوەش جوانترین مۆدەكانی خشڵ و جلی رەش دەنوێنن.
