تانیا رەسووڵ كاپتنی ئەسپسوار: هیوادارم ببم بە باشترین راهێنەری ئەسپسواریی نێودەوڵەتی
تانیا رەسووڵ، كچە ئەسپسواری پێشوو و كاپتنی ئێستا، ساڵانێكە لە بواری ئەسپسواریدا پێگەیەكی بەرزی هەیە و سەدان كەسی بە راهێنان و مەشقەكانی فێری ئەسپسواری كردووە، ئێستا وەك كاپتنی ئەسپسواری پەرە بە بواری كارەكەی دەدات، وەك كچێكی لێهاتوو و كاپتن وەڵامی چەند پرسیارێكی گوڵانی دایەوە:
*لە كەیەوە خولیای ئەسپسواری بوویت و چۆن بوو ئەو بوارەت لە هەڵبژارد؟
- هەر لە منداڵییەوە حەزم لە ئەسپ بوو، نۆ ساڵ پیش ئێستا بە حەز وئارەزووەكەم گەیشتم و بەردەوام بووم و پەرەم بە خۆم دا و، بەسەر هەموو كوسپەكاندا زاڵ بووم، هەر ئەوەش وای كرد پیشەكەم بكەم بە حەز و خولیام.
*ئەسپسواری هەستە، یان خولیا و حەزە؟
- بێگومان حەزو خولیایە، كە مرۆڤ حەز و خولیای بۆ شتێك هەبێت، گرنگی پێ دەدات و بە دوای دەكەوێت.
*بەشداریی چەند خول و راهێنانت كردووە، تا پلەی كاپتنت بە دەستهێنا؟
- زیاتر بە هەوڵ و بەردەوامیی خوم بووە، سەرەتا لەگەڵ ریكخراوی 12 سوارەی كوردستان بووم و دواتر لە سەنتەری مەم درێژەم بە ئامانجەكەم دا، تا توانیم سەركەوتووبم لە بوارەكەم و بتوانم راهێنان بە خەڵكانی دیكە بكەم، ئێستاش لە یانەی شێركۆ راهێنەرم و خۆشم راهێنانی خۆم دەكەم، لێرەوە زۆر سوپاسیان دەكەم كە ئەو متمانەیان بە من بەخشی و، زیاتر پشتگیرییان كردم و هانیاندام تا بگەمە لووتكە.
* ئەسپسواری لە كوردستان لە چ ئاستێكدایە؟
- بەرەو پێش چووە، بە تایبەت ئێستا كچان زۆر حەزی پێ دەكەن، ئەوەش زۆر خوشحاڵم دەكات، وەرزشی ئەسپسواری ڕوو لە زیاد بوونە.
* فێركردنی خۆیی یان ئەكادیمی كامەیان بۆ سوارچاكیی ئەسپ باشترە؟
- من وەكو خۆم ئەكادیمی هەڵدەبژیرم، ئەكادیمی زیاتر ئیسراحەت ئەداتە ئەسپەكە و زۆر ئەزیەتی نادات، بەڵام مەشقی ئاسایی ئەسپەكە ئەزیەت ئەدا وماندوو تری دەكات.
* ئەسپی كوردی هەیە؟ یان زۆربەی هاوردە دەكرێن؟
- بە داخەوە لەبەر ئەوەی كورد دەوڵەتی نەبووە، هیچ ئاژەڵێك بە نەتەوەیی نەكراوە جگە لە وڵاتی ئێران، سوپاسیان دەكەین كە چەندین كتێبێكیان هەیە لەسەر ڕەسەنیی ئەسپی كوردی، ئێمەش ئێستا وەكو یانەی شێركۆ و چەندین كەسایەتی دیكە، لە هەوڵداین بتوانین كە چەند ئەسپی كوردی بگەڕینینەوە كوردستان.
*گرانترین ئەسپ لە كوردستان نرخی تا چەند گەیشتووە؟
- تا 200000 دۆلار واتە بیست دەفتەر رۆیشتووە لە كوردستان.
* پلان و پرۆژەی داهاتووت چییە؟
- هیوادارم ئەم پرۆژەیەمان گەورەتر بێت و بگەین بە لووتكە لە بواری ئەسپسواریدا، خۆشم ببم بە نموونە بۆ ئەو كەسانەی حەزی ئەسپسوارییان هەیە، تاكو هەوڵی بۆ بدەن و بەردەوام بن و هیچ كۆسپ و قسەیەك نەیان رووخێنێت و سەركەوتوو بن، هیوادارم ببم بە باشترین راهێنەری نێودەوڵەتی.
