هونەر لە نێوان نەوەی دوێنێ و نەوەی ئەمڕۆدا

هونەر لە نێوان  نەوەی دوێنێ و نەوەی ئەمڕۆدا

هونەر داینەمۆی جوانكردنی ژیانی مرۆڤایەتییە، كە لە كۆنەوە تا ئێستا و بۆ داهاتووش، بەگوێرەی دۆخ و پێشوەچوونەكان، گۆڕانكاری بەسەرادا دێت، بەڵام پەیامەكەی پەیامی مرۆڤایەتی و خۆشەویستی و ژیاندۆستییە.

ئامادەكردنی/فەرهەنگ غەفوور
نەوەی رابردوو، كە ئێمە بە باوان ناویان دەبەین، پێش ئەوانیش و تا دەگاتە سەردەمی فۆلكلۆر و دەستاودەست و دەماودەم هاتنی هونەرەكان، بەتایبەت كە لێرە مەبەست لە هونەری موزیك و گۆرانییە، سەرمایەیەكی زۆری هونەرییان بەسەریەكەوە ناوە و پێشكەشی نەوەی ئەمڕۆمانیان كردووە و، كارەكانیان گەوهەری بەنرخ و رەسەنن و رۆ چوونەتە ناو رۆحمان.
بەڵام گۆڕانكارییەكان لە ستایلی ژیان و پێشكەوتنەكانی تەكنەلۆژیا و ئامرازەكانی گەیاندن و ئەو جیهانگەراییەی هەموو مرۆڤایەتی لە دیوەخانێكدا كۆ كردەوە، وای كردووە گۆڕانكاری بەسەر شێوازی ئەم هونەرەشدا بێت و بەشێك لە رەسەنایەتی ون بكات و بەرگێكی دیكەی مۆدێرنی تەنانەتی نێونەتەوەیی بەبەر خۆیدا بكات، كە پێویستە لەم خاڵەدا زۆر هەستیار و هۆشیار بین و، نەهێڵین رەسەنایەتیی هونەری كوردی ببێتە قوربانیی پێشوەچوونەكانی رۆژگار و بكەوێتە ژێر كاریگەریی هونەری دەرەكی، بەتایبەت ئەو نەتەوانەی وڵاتەكانیان خاكی كوردستانیان داگیر كردووە.
ناكۆكی و گلەیی و گازاندە و تێبینی و سەرنجی ئەم دوو نەوەیەی باوان و نەوی ئەمڕۆ لە كار و شێوازی كارەكانیاندا دەبینرێت و، زۆر لە هونەرمەندانی سەردەمی باوان، گلەییان لە رەوشی گۆرانی و موزیكی ئەمڕۆ هەیە، بەپێچەوانەشەوە زۆر لە هونەرمەندە گەنجەكانی ئەمڕۆش گلەیی و رەخنە لە ستایلی دوێنێ دەگرن. هونەرمەندانی دێرین و بەشێكیش لە گەنجەكان بە هەوای عاتیفیی بۆچوونەكانی دوێنێ دەڵێن موزیكی ئەمڕۆ تووشی ڤایرۆس و سەرلێشێواوی بووە، بە پێچەوانەی ئەم بۆچوونەش، هونەرمەندانی ئەمڕۆ، كە بەشی زۆریان دەرچووی ئەكادیمی و هونەرە جوانەكانن، دەڵێن نەخێر، بۆچی هونەری دوێنێ هێندە بێگەرد و ساف و جوان بووە كە ببێتە مایەی شانازی؟
ئەم تێكگیرانە هەرگیز رەوا و دروست نییە، دروست ئەوەیە، كە هەر نەوەیەك نەوەی سەردەمی خۆیەتی، بەڵام لەو نێوانەدا ئەزموون و یەكترتەواوكردن هەیە، هونەرمەندانی دوێنێ بەو هەموو بەرهەم و ئەدا و ئەزموونە زۆرەوە، دەبێ وەك پشتیوان و سەرچاوە و فەرهەنگ ببینرێن و سوود لە بەرهەمەكانیان و ئەزموونەكانیان وەربگیرێت، هونەرمەندانی ئەمڕۆش ئەوان وەك پێشەنگ و سەرچاوە بۆ خۆیان ببینن و پەندیان لێ وەربگرن و لێیانەوە فێر ببن، ئینجا بیانكەم بە ئیلهام بۆ كارەكانی خۆیان و ناتەواوییەكانی خۆیانی پێ پڕ بكەنەوە، بەمە دەتوانن باشتر هەنگاو بنێن و بەرزتر ببن.
هەرچی هونەرمەندانی پێشوون، ئەمانیش دەبێ ئەم واقیعە قبووڵ بكەن، كە نەوەی ئەمڕۆ سەر بە سەردەمێكی تەواو جیاوازە لە سەردەمی ئەوان و پێ بە پێ لەگەڵ گۆڕانكارییەكان لە ستایلی ژیان، گۆڕانكاری لە هونەریشدا دەبێت و سەلیقەی هونەریی نەوەی ئەمڕۆ لەوەی پێشتر جیاواز دەبێت.
رەتكردنەوەی نەوەی سەردەمی ئەمڕۆ رەوا نییە، بەڵام دەكرێ بەرچاوڕوونی و زەخیرەی هونەرییان پێ بدرێت، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە رەسەنایەتیی هونەری كوردی بكەن و پێشی بخەن.
دەكرێت هەردوو نەوە بەیەك بگەیەندرێن و بۆ ئەمڕۆ و ئایندەش سوودیان لێ وەربگرین، ئەو دووری و دڕدۆنگییەی نێوان ئەو دوو جەمسەرەی نەوەی ئەمڕۆ و دوێنێ، پێویستی بە دانیشتن و لێكتێگەیشتن هەیە، زۆر گۆڕانكاری لە كەشوهەوای موزیك و هونەر و تەكنەلۆجیادا رووی داوە، پێویستە هەردوولا سوود لەو بەخشش و ئەزموونە وەربگرن و جوانتری بكەن و پێشی بخەن.
بەڵام لە جێی خۆیەتی ئەگەر ئاماژە بە هەقیقەتێك بكەین، كە هونەر لە رابردوودا و هونەرمەندانی دوێنێ مۆركێكی رەسەنایەتیی كوردییان هەبوو، هیچ هونەرمەندێك نەیدەوێرا لە رێچكەی رەسەنایەتی لابدات، مەگەر یەكێك كە داهێنانێكی كردبا و سوودی لە هونەری ئەوانی دیكە وەرگرتبا و خستبایە خزمەت هونەری كوردی، بەمەش هەموو لایەك چێژیان لەو هونەرە دەبرد، كە گوزارشتی لە خەم و سۆز و دیدگای كورد دەكرد، بەڵام بەشێكی نەوەی ئەمڕۆ، دەبینین دەكەونە ژێر كاریگەریی دەرەكی، یان ئاواز و تێكستی دەرەكی بەكاردەهێنن نەك خۆماڵی (هەڵبەتە گوتم بەشێكی نەك هەمووی)، بەمەش میزاجی كوردەواری تێك دەچێت و گوێمان لە شتی نامۆ و نا لایەق بە زەوقی كوردەواری دەبێت. ئەمە هەر لە هونەردا نییە، لە جلوبەرگ و ستایلی ژیانكردنیشدا هەیە، بەڵام ئەمە بەشێكە و زۆرینەی هونەر و هونەرمەندانی ئەمڕۆ، بە لەبەرچاوگرتنی پێشكەوتنەكانی رۆژگار و ئامرازەكانی تەكنەلۆژیا، هونەر دەكەن، بەڵام مۆركی كوردەواریی پێوە دەهێڵن و نابن بە لاساییكەرەوەی كوێرانە و ناچنەسەر پارسەنگی بیانی.
ئەگەر یەكتروەرگتن و یەكترخوێندنەوە و یەكترتەواوكردن هەبێت، ئەم گلەییانەش لە شوێنی خۆیاندا چارەسەر دەكرێن، ئەو كەموكووڕییانەی دەشبن، تەواو دەكرێن، ئەو لادانانەی لە چوارچێوەی رەسەنایەتیی هونەردا روو دەدات، دەهێنرێتەوە سەر راستەڕێ و جارێكی دیكە رۆحێكی نوێ و تازە بەبەر هونەر و كەلەپوور و كولتووری كوردەواریدا دەكرێتەوە و دیوارێك لەسەر ئەو بناغەیە هەڵدەچنرێت، كە باوانمان لە دەستەبژێری هونەرمەندان لە دوێنێدا بناغەی پتەویان بۆ داناوە.

Top