گەنجێكی هەولێر نمرەی 8.5 لە ئایڵتس دەهێنێت
عەلی سروود ئەحمەد، دەرچووی بەشی ئینگلیزی لە زانكۆی لوبنانی فەرەنسییە، بەم دواییە بۆ بەدەستهێنانی ئۆفەرەكانی خوێندن پێویستی بە ئەنجامێكی باشی تاقیكردنەوەی نێودەوڵەتیی ئایڵتس هەبوو، دوای ئەوەی چووە نێو تاقیكردنەوەكە پلەی 8.5ی هێناوە، كە ئەو نمرەیە لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبیدا نەهاتووە، تاقیكردنەوەكە لەسەر نۆ نمرەیە و عەلی تەنیا نیو پۆینت نمرەی لە دەستداوە، وەك خۆی دەڵێت: «یەكەم جارە ئەو تاقیكردنەوەیە ئەنجام بدەم و پێشتر تاقیكردنەوەی pte كردووە كە90 لەسەر 90م هێناوە، هیچ خۆم ئامادەنەكردبوو و لە خۆمەوە و چووم، ئەوجارەیان بچم رەنگە نۆ نمرەی تەواو بهێنم، واتە یەكەمی سەر تێستەكە، دەگوترێت بەریتانییەكان ئەو سیستەمەیان داهێناوە وخۆیان كەمتر لە هەشت دەهێنن، منیش دوای ئەوەی ئەنجامەكانم لە نێو زەرفێكدا بۆ هاتەوە، كە لە دڵی خۆمدا دەمگوت رەنگە حەوت یان هەشت بهێنم، كەچی 8.5 بۆم هاتبووەوە و ئەمەش وای كرد كە یەكەم كەس بم لەسەر ئاستی كوردستان و تەنانەت لەلایەن زانكۆی خۆمەوە پیرۆزبایی تایبەتم لێكرا و خەڵاتی رێزلێنانم پێ بەخشرا، ئەو تاقیكردنەوانە راستە زیرەكیی دەوێت بەڵام پێویستە هەندێ لە تەكتیك و لایەنە شاراوەكانی بزانیت، چونكە ئەوان تاقیت دەكەنەوە لەسەر ئاستی شارەزاییت لە زمانی ئینگلیزی و زانیاریی گشتی و ئاستی رۆشنبیریت.
