هونەرمەند (باكووری) كۆچی دواییكرد

هونەرمەند (باكووری) كۆچی دواییكرد

هونەرمەند ئەندریۆس ئیسرائیل خەمۆ ناسراو بە (باكووری) لە تەمەنی 95 ساڵیدا لە شارۆچكەی عەنكاوەی هەولێر كۆچی دوایی كرد .

ئەم هونەرمەندە لە 5/11/1928 لە شارۆچكەی كۆیە لەدایكبووە, دایك و باوكی كە خەڵكی (وان)ی باكووری كوردستانن بە هۆی نالەباری ڕەوشی سەربازی ناوچەكەیان ناچار دەبن ڕووبكەنە باشووری كوردستان و لە كۆیە نیشتەجێ دەبن .

مەقامبێژ و هونەرمەندی گۆرانیبێژ(باكوری) كە خاوەنی چەندین بەرهەمی گۆرانییە و لە ڕێزی هونەرمەندە بە ئەزموونەكانە وەك عەلی مەردان و تایەر تۆفیق و تەحسین تەها و چەندین هونەرمەندی دیاری كورد, دەستپێكی كاری هونەریی (باكوری) دەگەڕێتەوە بۆ كاركردنی لە ئێزگەو ڕادیۆدا لە سەرەتای ساڵانی پەنجاكان,كە ئەوكات بەناوی ئەندریۆس وەكو گۆرانیبژێك دەركەوت بەڵام بەهۆی درووستبوونی پرسیار دەربارەی ناوەكەی, لە دوای بەڕێوەچوونی ئاهەنگێكی گۆرانی و گفتوگۆیەكی نێوان خۆی و كامیل كاكەمین و عادل عیرفان نازناوی (باكووری)یان بۆ دەستنیشان كرد .

باكوری جگە لە دەركەوتنی وك گۆرانیبێژ توانای ژەنینی ئامێری موزیكی هەبوو و شارەزا و لێهاتوو بوو لە دانانی ئاواز,لە ساڵی 1957 تیپێكی موزیكی كوردی دامەزراند بە ناوی(تیپی مۆسیقای باواجی كۆیە) كە لە سەرەتادا ئەم تیپە لە قوتابخانەیەك دامەزرا و ساڵێك دوای دامەزراندنی, تیپەكە توانی یەكەم كۆنسێرتی خۆی لە نێو قوتابخانە سازبكات .

ئاسۆ كاكەیی

Top