كۆمپیالە
كۆمپیالە: بریتیە لە بەڵگەنامەیەكی نووسراو، كە بەهۆیەوە كەسێك بەڵێن دەدات بەوەی كە بڕێكی دیاریكراو پارە بە كەسێكی دیكە بدات، كە پێی دەگوترێت (المستفید) لە بەروارێكی دیاری كراودا، یان هەر كاتێك داوای بكات (حین گلب)، بۆ ئەوەی كۆمپیالە شایستەی خەرجكردن بێت، چەند مەرجێكی پێویستە كە دەبێت هەبێت، بەم مەرجانە لەقەرزی ئاسایی جیا دەكرێتەوە و دەبێت بە نوسراوێكی بازرگانی، دەبێت ناوەڕۆكەكەی بڕێكی دیاریكراو لە (پارە بێت)، نابێت هیچ مەرجێكی تێدابێت، واتە شایستە بوون بە هیچ مەرجێكەوە نەبەسترابێتەوە، دەبێت بەرواری شایستەبوون (تاریخ الاستحقاق)ی تێدابێت، لەگەڵ چەند مەرجێكی دیكە كە دەبێت هەبێت، تاوەكو دەستبەجێ لە بەرواری شایستە بوونیەوە ببێتە نوسراوێكی بازرگانی و شایستەی خەرجكردن بێت، دەبێت تێیدا دەستەواژەی (التعهد) بەڵێن دان و دەستەواژەی (سند لآمر) و واژوی نووسەرەكەی و...هتد هەبێت، كە لەلایەن جێبەجێكاری داد جێبەجێ دەكرێت، بەبێ ئەوەی پێویستی بە بەرزكردنەوەی داوا هەبێت لە دادگای بەرایی، هەر كاتێك بەرواری شایستەبوونی (تاریخ الاستحقاق) هات، ئەو كەسەی كە كۆمپیالەكەی لایە، تەنیا پێویستی بەوەیە بچێتە لای جێبەجێكاری داد (منفذ العدل) و داوای جێبەجێكردنی بكات، ئەگەر نووسەری كۆمپیالە ئامادە نەبێت ئەو بڕە پارەیە بدات كە لەكۆمپیالەكەدا نووسراوە، بە بڕیاری جێبەجێكاری داد موڵك و ماڵی نووسەری كۆمپیالەكە حجز دەكرێت، یان حەپس دەكرێت، ئەگەر كەسێك كۆمپیالە بنووسێت، دادگا هیچ ماوەیەكی وەكو دەرفەت پێ نادات تاوەكو خۆی بۆ دانەوەی قەرزەكەی ئامادە بكات، ئەگەر كۆمپیالەكە گەیشتە كاتی شایستەبوو (الاستحقاق) دەستبەجێ دەبێت ئەو بڕە پارەیە بدات كە لە كۆمپیالەكەدا نوسراوە، لە كاتێكدا بۆ قەرزدار دادگا ماوە دەدات بە قەرزدار بەپێی حاڵەتەكە تاوەكو بڕی قەرزەكە ئامادە بكات و بیداتەوە، هەندێ جاریش دەیكات بەقیست بەپێی جۆر و حاڵەتی قەرزدار و قەرزەكە، بەڵام بۆ كۆمپیالە بەم شێوەیە نییە.
