بەهۆی داڕمانی پردی هەڵواسراو 68 کەس کوژران و دەیان کەسیش بریندار بوون
لە ئەنجامی داڕمانی پردێکی هەڵواسراو بەسەر ڕووباری « ماچو » لە گوندی مۆربی لە ویلایەتی « گوجاراتی » هیندستان لانیکەم ٦٨ کەس گیانیان لەدەستدا. ئەم ژمارەیە پێشتر بە ٤٠ کەس ڕاگەیەندرابوو.
بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکان، کاتێک ئەم پردە کەوتووەتە خوارەوە، زیاتر لە 500 کەس لەسەری بوون و سەرقاڵی ڕێوڕەسمی فێستیڤاڵێكی ئایینی بوون، بەشێک لەو کەسانەش پەنایان بۆ پاشماوەی پردەكە بردووە، کە لەسەر ئاوەکە مابووە، بۆ ئەوەی نەخنکێن.
بریجش مەرجا وەزیری ئەم ویلایەتە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پەیامنێران ژمارەی کوژراوانی پشتڕاستکردەوە.
هەروەها ئاشیش بەتیا، بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەم ویلایەتە، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی گەڕان و ڕزگارکردنی ڕاگەیاند و گوتی کە خەڵکێکی زۆر ڕزگارکراون، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە ژمارەی کوژراوەکان زیاتر بێت.
دەوترێت ئەم پردە ماوەیەکی کەم لەمەوبەر کراوەتەوە، دوای تەواوبوونی پرۆسەی نۆژەنکردنەوە.
لە پەیامێکی تویتەردا، نارێندرا مودی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان دڵتەنگی خۆی بۆ ئەو رووداوە دەربڕی و رایگەیاند، تیمەكانی فریاكەوتن هاوکاری قوربانییەکان دەکەن.
مودی هەروەها ڕایگەیاندووە، کە کەسوکاری کوژراوەکان نزیکەی ٤٢٣٠ دۆلار و بریندارەکانیش ٦٠٠ دۆلاریان پێدەدرێت.
گوڵان: سەردار خەلیل
