ژیان لەسەر هەسارەكان

ژیان لەسەر هەسارەكان

پێوەرەكانی گونجانی هەسارەكان بۆ ژیان لە ئێستادا بریتین لە دوریەكی گونجاوی هەسارە بەردینیەكانە لە ئەستێرەكانیان بەشێوەیەك تێكڕای پلەی گەرمی بەجۆرێك بێت لەسەر ڕووەكەی ڕێگە بەبوونی ئاو بدات لە دۆخی شلدا، هەروەها پێوەرەكانی تر بوونی بەرگە هەوایە بەدەوری هەسارەكە، هەروەها پێداویستیەكی تری سەرەكیش بوونی ئاوە لەسەر ڕووەكەی لەگەڵ كۆمەڵێك پێوەری تر لەوانە ڕێژەی چالاكی هەروەها جێگیری دۆخی ئەستێرەكەیە بەدرێژایی سەدەها ملیۆن ساڵ، دوای هەڵدانی تەلەسكۆپی كێپلەر بۆ بۆشایی ئاسمان لە ساڵی 2009 و كاركردنی تاوەكو ساڵی 2018 دڵنیا بووین لەوەی كە هەسارەی تر هەن و زۆرن لەدەرەوەی كۆمەڵەی خۆر، هەسارەكان بەگشتی هەموویان پاشكۆی ئەستێرەكانن و بەدەوریاندا دەسوڕێنەوە، كێپلەر كە زوومی كردبووە سەر ڕووبەرێكی زۆر زۆر بچوكی گەلەئەستێرەكەمان توانی لەو ماوەیەدا پتر لە 2600 هەسارە ببینێتەوە و چاودێریان بكات، بەڕاستی ئەم دۆزینەوەیە بە یەكێك لە دۆزینەوە هەرە گرنگەكان دادەنرێت لەبواری گەردوونناسی، چونكە تەواو دڵنیای كردینەوە كە هەسارەكانی كۆمەڵەی خۆرەكەمان تاقانە نین و هەسارەی زەویش تایبەتی نیە لەنێو گەلەئەستێرەكەمان و گەردوون، هەسارەكەمان تەنیا یەكێكە لە دەیەها و بگرە سەدەها ملیار هەسارەی تر تەنیا لەنێو گەلەئەستێرەكەمان، لەنێو هەموو گەردوونی بینراویش لەوانەیە تەنیا یەكێك بێت لە نێوان ترلیۆنەها و ترلیۆنەها هەسارە، لێرەوە ئەگەری بوونی ژیانی سەرەتایی و ژیانی زیرەكیش زۆر زیاتر دەبێت.

 

Top