لە ماسیی فرۆشتنەوە بۆ پەرلەمان
عەبدولستار لە دایكبووی 1986ـە، لە سۆشیال میدیا و لە ناو خەڵك بە شێخی بادینان ناسراوە، دانیشتووی قەزای خەباتی سەر بە شاری هەولێرە، كەسێكی قسەخۆش و خوداناسە و، كەسێكی سۆشیالە و لەگەڵ زۆربەی خەڵك سەلام و كەلامی هەیە، ماوەیەك لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی ناودار بوو و لەلای زۆربەی خەڵك بە قسە خۆشەكانی ناسرا، شوێنی ماسیبرژاندن و سووركردنەوەی هەیە، لە هەر ڤیدیۆیەكیدا بە ناوی پەروەردگاری عالەم ناسراوە، دەگوترێت هەمیشە پاڵپشتی هەژارانە و دەیەوێ یارمەتیی كەسانی كەمدەرامەت بدات، نرخی خواردن لای ئەو لە هەموو شوێنەكانی دیكە هەرزانترە تاوەكو كەسانی كەمدەرامەتیش بتوانن ماسی نۆش بكەن، وەك خۆی دەڵێت: «من تاكە كەس بووم كە ماسیم هەرزان كرد و بەهۆی ئەوەی پێگەیەكی جەماوەریم هەیە و خۆشم بە گەورە نازانم، خەڵك هەبووە نەبوون بووە و یارمەتیم داوە، خەڵك بە گشتی حەزی بە شتی هەرزانە، لە داهاتوودا پرۆژەم هەیە و دەمەوێ شتی باش بكەم، خۆشم هەڵدەبژێرم و هیوادارم بە دەنگی خەڵكیش بتوانین زیاتر خزمەت بكەین، لە شارە گەورەكانی كوردستان داوایان لێ كردووم كە چێشتخانەی تایبەت بە ماسی بكەمەوە بە نرخێكی گرانتر، بەڵام من ئەوە قبووڵ ناكەم و دەمەوێ یارمەتیی خەڵك بدەم.
