خانوویەك بە مۆركی كولتووری و كوردەواری

خانوویەك بە مۆركی كولتووری و كوردەواری

زۆرن ئەوانەی گرنگی بە كولتور و كەلەپووری كوردی دەدەن، هەوڵ و هەنگاوەكانیان بۆ مانەوەو پارێزگاریكردنە لە كەرەستە و كەلوپەلی كوردەواریی كۆن و رەسەنایەتی، لە شاری سلێمانی و لە گەڕەكی سابوونكەران ماڵێك هەیە كە گوزارشت و پڕاوپڕ لە كەرەستەی كولتووری و كوردەواریی لە جلوبەرگ و كەرەستە و كەلوپەل و ئامێر و رایەخ و مافوور و سەراپای ئەوانەی پێشتر بەكار هێنراون، تەنانەت خانووەكەش سیمایەكی ئاسەواری كۆنی پێوە دیارە، بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 1898 ئەو ساڵەی یەكەمین رۆژنامەی كوردی دەرچوو، دروست كراوە، خاوەنداریەتی ئەو خانووە ماڵی سۆفی كەریمی سەڕاجن، هەر خۆیان هەڵساون بە گۆڕینی خانووەكەیان بۆ موزەخانەیەكی خنجیلانەی كولتووری، هەر خۆشیان سەرپەرشتی دەكەن و هاتن بۆ خەڵك بۆ خۆڕاییە و هەموو كاتێكیش كراوەیە، جگە لەوەی موزەخانەیەكە بۆ كەرەستەی كۆن و كوردەواری، هەروەها بۆنە و یادی هونەری و شاعیران و هونەرمەندان و كۆڕ و سیمینار و دانیشتنی گفتوگۆی رۆشنبیری و وێنەی یادگاری لەم خانووە كولتوورییەدا بەدی دەكرێت.

فۆتۆ: دانا حەمە غەریب

 

Top