فیستیڤاڵی گوڵاو بۆ بەرهەمی خۆماڵی و خواردنی كوردەواری بەڕێوە چوو
گرنگیدان بە كولتوور و رەسەنایەتیی كوردەواری، یەكێكە لە هەنگاوەكانی برەودان و بەرزراگرتنی دەسترەنگین و بەرهەمی خۆماڵی و كوردەواری كە لە فیستیڤاڵەكان دەبنە مایەی خۆشحاڵیی خەڵك، تەنانەت جەماوەرێكی زۆر لە رۆژانی نمایشەكانی كەرەستە و خواردنی كوردەواریدا ئامادە دەبن، بەشێكیان دەیكڕن، یان بە وێنەی یادگاری و سیڵفی سناپ دیمەنی فیستیڤاڵەكە جوانتر دەكەن. فیستیڤاڵی گوڵاو كە تایبەت بوو بە بەرهەمی خۆماڵی و خواردنی كوردەواری، لە پاركی ئازادی لە شاری سلێمانی بە دانانی خواردنی خۆمانە و چەرەز و كفتە و دۆی سارد، شەربەتی مێوژی دەستكردی خۆمانە، گوڵاوی خۆماڵی و چەندین خواردنی دیكەش بەڕێوە چوو، هەروەها جلوبەرگی كوردەواری و رەشماڵ و كەپری كوردەواری بەشێكی دیكەی فیستیڤاڵەكە بوون، جێگەی سەرەنجە لەم فیستیڤاڵانەدا خەڵكێكی زۆر ئامادە دەبن و تەنانەت داوا دەكەن فیستیڤاڵی لەم جۆرە بەردەوام بێت، یان بۆ ماوەیەكی زیاتر بمێنێتەوە، چونكە هەستێكی خۆشە كاتێك كە بەشداری لەم جۆرە نمایشەی كەرەستە و خواردنە خۆمانە و كوردەواریانەدا دەكەیت، دەبینیت گوزارشت لە هەست و مێژووی كوردی دەكات.
فۆتۆ: دانا حەمە غەریب
