یارییە میللی و كوردەوارییەكان لە كوردستان
شەوانی كوردەواری و كولتووری دیوەخان هەمیشە قەرەباڵغ بوون، كە بە چەندین یاری و مەتەڵ و قسەی خۆش و حەیران و لاوك شەوانی هاوینی گەرم و زستانی ساردیان پێ بەڕێ دەكرد، جگە لەوەی ماڵەكان دەبوونە شوێنی یاریی كەرەمستانێ و كڵاوێن و سینی سینیانێ و زۆرانبازی، لە ئێستادا لە چەند شوێنیكی كوردستان ئەو یادانە لەلایەن تیپیە میللیەكانەوە ماون، تیپی كڵاوێنی بەحركە، یەكێكە لەو تیپە میللییانەی كە مۆركی رەسەنایەتیی ون نەكردووە و، كۆمەڵێك ئەندامی چوست و خاوەن دیدگەی كوردەواری سەرپەرشتیی تیپەكە دەكەن، ئازاد مومەحەمەد یەكێكە لە ئەندامان و سەرپەرشتیارانی تیپەكە، دەربارەی تیپەكەیان دەڵێت: « وەكو ئاشكرایە یاریی كڵاو كڵاوێن یاییەكی كۆنی كوردەوارییە، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ چەندین ساڵ بەر لە ئێستا، هەر لە كۆنەوە خەڵكی بەحركە لەگەڵ ئەو یارییەدا دۆستایەتیان هەبووە، چەندین یاریزانی لێزان و لێهاتووی تێدا هەڵكەوتووە، ساڵانی حەفتاكان شەوانی زستان پیاوان لە دیوەخان و ماڵان كۆ دەبوونەوەو تا درەنگان یارییان دەكرد، لە ساڵی 2005 تاوەكو ئێستا ئێمە بەردەوامین لە زیندووڕاگرتنی ئەم یارییانە، تیپەكەمان پێكهاتووە لە نۆ یاریزان، كە بریتیین لە: عەبدوڵڵا موحەمەد، ئازاد موحەمەد، رەوەند عەبدولڕەحمان، نزار شێرزاد، رێبین لوقمان، هەردی عەزیز، كاروان عومەر، فەرمان قادر و فەرمان زیاد)، بەشداریی چەندین خول و پێشبڕكێمان كردووە و دوو جار گەیشتووین بە یاریی كۆتایی و جارێكیش پلەی یەكەمان بە دەست هێناوە، ساڵانە چەندین یاری لەگەڵ تیپەكانی ناو هەولێر و دەوروبەر ئەنجام دەدەین، مەبەستیش لەوە بەردەوامبوون و گرنگیدانە بە یارییە كوردەواریەكان و، پاراستنی ئەو یارییە فۆلكۆرییانەیە بە گشتی و، هێشتنەوەی ناوی تیپی میللی بەحركەش لە نێو تیپە میللەكاندا
