شەربەتی مێوژی خۆمانەی نێو مەشكە
مەشكە بۆ دروستكردنی دۆ بەكاردێت، بەڵام بەم دواییە شەربەتی مێوژیشی تیایدا دروست دەكرێت، شەربەتی مێوژ خۆشەویستی هەمووانە، هەموو كەسێك ئارەزووی دەكات، هەر بۆیە (دانا ئەنوەر)وەك كەسێكی دەستڕەنگین سوودی لە مەشكە وەرگرتووە، بۆ دروستكردنی شەربەتێكی نایابی مێوژ. دانا ئەنوەر گەنجێكی شاری سلێمانییە و هەمیشە حەز بە كاری ناوازە و داهێنان دەكات، كە بە (دانای ئەنتیك) ناسراوە، ماوەی دوو مانگە ئەو شوێنەی لە شەقامی سەهۆڵەكەی سلێمانی كردووەتەوە، كە دیمەنێكی كولتووری و كوردەواریی پێوە دیارە، مەشكە و كەرەستەی كوردەواریی كۆن و شوێنی دانیشتن و وەستانی خەڵكی تێدا كردووەتەوە، لەوێوە گەشتیاران و خەڵكی ئاسایی سەردانی شوێنەكەی دانا ئەنتیك دەكەن بۆ سەیركردنی كەرەستەكان و نۆشكردنی شەربەتی مێوژی خۆمانەی نێو مەشكە، شوێنەكە كەشێكی ئارام و هەستێكی كوردانەی پێوە دیارە، نرخی شەربەتەكە گران نییە، خەڵكیش بۆ وێنەگرتن و بەسەربردنی كاتێك بە تامی ژیانی كوردەواری سەردانی شوێنەكەی دانا ئەنتیك دەكەن.
فۆتۆ: دانا حەمە غەریب
