لە ڕووداوێكی تەقەکردندا سێ كەس کوژران
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، كەلە ئەنجامی تەقەکردنێکدا لە ویلایەتی بەریتیشی کۆلۆمبیا لە کەنەدا، سێ کەس بە هێرشبەرەکەوە کوژران.
بەڕێوەبەری پۆلیس ناوچەكە ڕایگەیاند: كە تەقەکردنەکە لە شاری لنگلی لە دەوروبەری نیوەشەوی سێشەممە دەستی پێکرد و چوار کەس لەلایەن چەکدارێکەوە تەقەیان لێکرا كە دوو پیاو کوژران و پیاوێک و ژنێکی دیکەش برینداربوون، كە بارودۆخی ئەو ژنەی لە نەخۆشخانەیە مەترسیدارە.
گوتیشی: چەكدارەكە ناوی جۆردەن دانیال گاوگین، 28 ساڵ بوو، هەروەها قوربانییەکان و بریندارەکانیش هاووڵاتیی مەدەنین، لە تەقەكردنەكەدا گومانلێکراوەکە برینداربووە و لە كۆتایدا گیانی لەدەستداوە.
هەروەها گوتی: گومانلێکراوەکە بەلایەنی کەمەوە لە پێنج شوێنی شارەکە تەقەی كردووە و تا ئێستا هۆكاری تەقەكردنەكە نەزانراوە.
جێی ئاماژەپێكردنە كە ژمارە تەقەی بەكۆمەڵ لە کەنەدا زۆر کەمترە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، کەنەدا یاسای مۆڵەتی چەكی توندتركردووە بە بەراورد لەگەڵ دراوسێ باشووریەکەی، بەپێی ئامارەکانی کەنەدا ڕێژەی کوشتنی چەک لە کەنەدا کەمترە لە یەک لە پێنجی ڕێژەی ئەمریکا، بەڵام لە وڵاتانی دەوڵەمەندی دیکە بەرزتر و بەرزدەبێتەوە.
گوڵان: سەردار خەلیل
