بۆچی ئاردی سپی بۆ تەندروستی باش نییە؟
ئایا جیاوازی چییە لە نێوان ئاردی سپی White Flour و ئاردی گەنمی تەواو Whole Wheat Flour ؟ ئایا مەسەلەكە تەنیا پەیوەستە بە شێوەی پرۆسێسكردنی ئاردەكان، یان هۆكاری دیكە لەئارادان؟ جیاوازیی سەرەكی بریتییە لە رێژەی ریشاڵ لە ئارددا، ئاردی گەنمی تەواو رێژەی سرووشتیی تەواوی ریشاڵ لەخۆدەگرێت، كەچی زۆربەی ریشاڵەكە لە ئاردی سپیدا بە كرداری پرۆسێسكردن لابراوە، واتە لابردنی بەشی هەرە زۆری چینەكانی سەرەوەی گەنم Debranning، ریشاڵ بەشێكی گرنگی خۆراكە و رۆڵی ئەرێنی هەیە بۆ كۆئەندامی هەرس، هەروەها كۆنترۆڵكردنی ئاستی شەكری خوێن، خۆپاراستن لە نەخۆشیی دڵ، لەگەڵ رێگرتن لە زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی. لە لایەكی دیكەوە ئاردی گەنمی تەواو دەوڵەمەندە بە ڤیتامینەكانی B1، B2، B3، B5، B9 كە بە فۆلەیت ناسراوە، لەگەڵ رێژەیەكی باشی پرۆتین و كانزای ئاسن و كالسیۆم، كەچی رێژەی هەموو ئەم ماددە گرنگانە لە ئاردی سپیدا كەمە. نان یان هەویركاریی ئامادەكراو بە ئاردی سپی لە هەرزوو پاش هەرسكردن دەگۆڕی بۆ شەكر، واتە زوو ئاستی شەكری خوێن بەرزدەكاتەوە، ئەمەش بارگرانی دەخاتە سەر گلاندی پەنكریاس بۆ زیاتر دەردانی هۆرمۆنی ئینسولین بە مەبەستی رێكخستنی ئاستی شەكری خوێن، بە بەردەوام خواردنی بەرهەمەكانی ئاردی سپی لەوانەیە كە پەنكریاس نەتوانێت شەكری خوێن رێك بخات و، دەرەنجام لەوانەیە ببێتە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە. هەروەها خۆراكی ئامادەكراو بە ئاردی سپی هاندەرە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆڵی خوێن، لەگەڵ بێهێزكردنی ئێسك و زیادكردنی ئەگەری هەوكردنی جومگەكان.
