كاپتاگۆن چییە؟
كاپتاگۆن Captagon یان فینیتیللین Fenethylline بۆ یەكەم جار ساڵی 1961 دروستكراو، وەكو جێگرەوەیەك بۆ دەرمانی ئەمفیتامین Amphetamine بۆ چارەسەركردنی خەمۆكی و چەند حاڵەتێكی سنوورداری دەروونی رێنمایی كرا. كاپتاگۆن دەرمانێكی بەهێزە بۆ پەیداكردنی راهاتن، حەبی كاپتاگۆن وروژێنەرە بۆ دەزگای دەماری مەركەزی كە دەبێتە هۆی زیادبوونی ئاستی ئاگایی و تەركیز، هەروەها بەكارهێنەر هەست بە كەمێك خۆشی Euphoria دەكات و زۆربڵێ دەبێت و هەست بە بوونی وزەی زیاتر دەكات. بەكارهێنانی كاپتاگۆن وەكو دەرمان لە لایەن ئاژانسی خۆراك و دەرمانی ئەمەریكی FDA مۆڵەت پێدراو نییە، لە ساڵی 1986 و تا ئێستا بەرهەمهێنانی كاپتاگۆن بە نایاسایی هەژمار دەكرێت، بەكارهێنانی بەردەوام بە بڕی زیاد، جگە لە راهاتن (ادمان)، ئاكامی تەندروستیی زۆر خراپی دەبێت، بۆنموونە شێوان، هەڵوەسە، هێڵنج، رشانەوە، نۆرەی پەركەم، لێڵبوونی بینین، سەرسووڕان، گرفت لە هەناسەدا، ئازاری ماسوولكە و جومگە، هەڵبەزین و دابەزینی مەزاج، ناڕەحەتی و زووتووڕەبوون، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، هەروەها دڵەكوتێ، كە بەكارهێنەر واز لە كاپتاگۆن دەهێنێت ئەوكات دوچاری نیشانەی توندی پاش وازهێنان Withdrawal symptoms دەبنەوە، بە شێوەی هەستكردن بە ماندووبوونێكی سەخت و پێویستی زۆر بە خەو، بێهێزبوونی گشتیی لەش، خەونی سەیر و ناخۆش، ناڕەحەتی لەگەڵ بێزاری و خەمۆكی.
