گرنگیی ڤیتامین B9 بۆ ئافرەتی دووگیان

گرنگیی ڤیتامین B9 بۆ ئافرەتی دووگیان

    ڤیتامین B9 كە بە ترشی فۆلیك Folic acid یان فۆلەیت ناسراوە، رۆڵی زۆر گرنگی هەیە لە گەشە و پەرەسەندنی كۆرپەدا. ڤیتامین B9 گرنگە بۆ تەندروستیی ئافرەتی دووگیان و كۆرپە، لەوانەیە نەتوانرێت كە بڕی پێویست لە خۆراكی رۆژانەوە دابین بكرێت، بۆیە پێویستە كە لە رێگای دەنك بە رێنمایی دكتۆر وەربگیرێت. سەرچاوە خۆراكییەكانی فۆلەیت: پاقلەمەنی، فستقی سودانی، تۆوی گوڵەبەڕۆژە، میوەی تازە، جگەر، سەوزە گەڵا تاریكەكان. ئەم ڤیتامینە بەشدارە لە دابەشبوونی خانە و گەشەی شانەكانی كۆرپەدا، هەروەها مێشك و بڕبڕەكانی پشت كە بە كەناڵی دەمار Neural tube ناسراوە. وەرگرتنی ترشی فۆلیك بە شێوەی دەنك پێش دووگیانی و لەكاتی دووگیانیدا زۆر پێویستە بۆ پاراستنی كۆرپە لە هەر گرفت و سەقەتییەكی زگماكی لەم كەناڵە گرنگەدا. پسپۆڕان رێنمایی دەكەن بە وەرگرتنی دەنكی ڤیتامین B9 بە بڕی 0.4-0.8 ملگم رۆژانە بەلای كەم یەك مانگ پێش دووگیانی و لەماوەی 2-3 مانگی سەرەتای دووگیانیدا. وەرگرتنی فۆلەیت لەكاتی دووگیانیدا رۆڵی هەیە بۆ كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە ئۆتیزم لە تەمەنی منداڵیدا، هاوكات لەگەڵ باشتركردنی فرمانەكانی مێشك، هەروەها بۆ خودی دایك وەرگرتنی فۆلەیت ئەگەری ئاڵۆزییەكانی پەیوەست بە دووگیانی كەم دەكاتەوە، بۆنموونە ژاراویبوونی دووگیانی Preeclampsia و منداڵبوونی پێشوەختە.

 

 

Top