قاوەخانە و چێشتخانەی فڕۆكە لە كوردستان

قاوەخانە و چێشتخانەی فڕۆكە لە كوردستان

چێشخانە و قاوەخانەی فڕۆكە لە كوردستان ماوەیەكە كراوەتەوە، شێوازێكی سەرنجڕاكێشی هەیە، خەڵكێكی زۆر ڕووی تێ دەكەن بۆ نۆشكردنی قاوە و خواردن، لەم بارەیەوە (عەبدولسەلام مەحموود) دەربارەی (پلان كافێ) قاوەخانەی فڕۆكە، دەڵێت: بیرۆكەكە لەوەوە هات كە خاوەنەكەی زۆربەی كات گەشت بۆ وڵاتان دەكات، هەر بۆیە ئەو بیرۆكەیەی بۆ هات كە لە كوردستانیش فڕۆكەیەكی گەورە بكاتە قاوەخانە و چێشتخانە، سەرەتای پلانەكە گەورە بوو، وابڕیاڕ بوو فڕۆكەیەكی گەورەی لە كاركەوتوو بهێنین و بیكەین بە چێشتخانە و قاوەخانە، تا هاووڵاتیانیش ئەوانەی كە فڕۆكەیان لە نزیكەوە نەبینیوە، یان گەشتیان نەكردووە، لە ناوی دانیشن و خوارن و خواردنەوە نۆش بكەن، ئەو فڕۆكەیەی ئێستا لە كوردستان دروست كراوە، لەسەر شێوازی فڕۆكەی ئاسایی بە بڕی زیاتر لە (2) دەفتەر دۆلار دروست كراوە، ئێستا تەواو بووە و سەر لە ئێوارەوە تا درەنگانی شەو خواردن و خواردنەوە پێشكەش بە میوانان دەكەین، خەڵكێكی زۆر دێن و ڕووی تێ دەكەن، هەروەها وێنە و سێلفی و سناپی لەگەڵ دەگرن، فڕۆكەكە جێگەی زیاتر لە (14) كەس دەبێتەوە، گەڕۆكە و دەتوانین لە شوێنێك بۆ شوێنێكی دیكەی بگوازینەوە، ئەوەش لە ڕێگەی لێكردنەوەی باڵەكان و دواتریش لەسەر تایە دەڕوات، خەڵك هەبووە لە باشووری عێراقەوە سەردانی هەولێری كردووە، تەنیا بۆ بینینی فڕۆكەكە، لە ژوورەوە سارد و گەرمی هەیە و شوێنی دانیشتن و هەروەها شوێنی فڕۆكەوانانیش هەیە بۆ وێنەگرتن، لە شەوانی ڕەمەزانیشدا ئەو شوێنە كراوەیە و پێشوازی لە خەڵك دەكەین.

Top