وشكبوونی دەم لە ڕەمەزاندا

وشكبوونی دەم لە ڕەمەزاندا

وشكبوونی دەم Xerostomia حاڵەتێكی باوە لە مانگی ڕەمەزاندا، هۆكاری وشكبوونی دەم دەگەڕێتەوە بۆ: كەمبوونەوەی دەردانی لیك لە گلاندەكانی بنگوێ و ژێرەوەی شەویلاك، كەم خواردنەوەی ئاو و شلەمەنی، زیاد خواردنی چەوری و تیژی و تورشی لە ژەمی پارشێودا، جگەرەكێشان، زیانی لابەلای بەكارهێنانی هەندێك دەرمان. وشكبوونی دەم لەوانەیە كە هەندێك جار ڕۆژووەوان بە توندی ناڕەحەت بكات، هەروەها دەبێتە ئەگەری: دەنگ كەوتن، ناخۆشبوونی بۆنی هەناسە، گرفت لە قسەكردندا، كڕانەوەی قوڕگ، گرفت لە بەكارهێنانی تاقمی ددان لەو كەسانەی كە تاقمیان هەیە، زیادبوونی ئەگەری كلۆربوونی ددان و نەخۆشیی پووك، گرفت لە جوین و قووتدانی خۆراكدا، گۆڕان لە هەستی چێژكردنی خۆراك. بۆ خۆپاراستن لە وشكبوونی دەم لە مانگی ڕەمەزاندا، پێویستە كە پەیڕەوی ئەم خاڵانە بكرێت: خواردنی بڕێكی باشی سەوزە و میوە و خواردنەوەی بڕێكی باشی ئاو لە ژەمی پارشێودا، گرنگیدان بە پاكوخاوێنیی دەم و ددان بە شووشتنی ددانەكان بە فڵچە و هەویری ددان لەپاش ژەمی پارشێو و بەربانگدا، دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان و ڤەیپ و نێرگلە و جگەرەی ئەلیكترۆنی لە ماوەی پاش بەربانگ تا ژەمی پارشێو، چونكە جگەرە هۆكارێكی زەقە بۆ وشكبوونی دەم و زیادكردنی هەستی تینوێتی لە ڕۆژووەواندا.

Top