با ژەمی بەربانگت تەندروست بێت
ژەمی بەربانگ ڕۆڵی گرنگی بۆ لەش هەیە پاش نزیكەی 15 كاتژمێری درێژی ڕۆژوودا، بۆیە هەڵبژاردنی خۆراكی كۆالێتی بەرز لەم ژەمەدا زۆر پێویستە. با ژەمی بەربانگ بڕی پێویستی وزە لەخۆ بگرێت، هاوكات لەگەڵ خۆراكی جۆراوجۆری تەندروست و هاوسەنگ لە نێوان پرۆتین و كاربۆهیدرات و چەوریدا بە شێوەی كاربۆهیدرات 55%، پرۆتین 25%، چەوری 20%. هەوڵ بدە كە بەربانگ بە خواردنەوەی بڕێك ئاوی شلەتێن، یان شیرەی میوەی سرووشتی بكەیتەوە، گرنگی بدە بە شۆربای نیسك، یان شۆربای تێكەڵاوی سەوزەكان، گۆشتی سوور و چەوریی ئاژەڵی كەم بخۆ، زیاتر گۆشتی پەلەور و ماسی هەڵبژێرە، لەگەڵ زەڵاتەی جۆراوجۆر. واباشە كە سەوزەی جۆراوجۆر بەشێكی سەرەكیی سفرەی بەربانگ بێت، لەگەڵ دانەوێڵەی تەواو Whole grains، نان بە گەنمی تەواو، ساوار، پاقلەمەنییەكان، سەوزە گەڵا تاریكەكانی وەكو سڵق و سپێناغ وخاس(كاهو)، لەگەڵ دووركەوتنەوە لە سووركردنەوەی خۆراك لەناو ڕۆن یان زەیتدا، پاشان كەمكردنەوەی شیرینی و شلەمەنییە شیرینكراوەكان و هەویركارییەكان، دووركەوتنەوە لە ژەمی گەوری بەربانگ، واباشترە كە شیرینی ماوەیەك پاش ژەمی سەرەكیی بەربانگ بە بڕێكی كەم بخورێت.
