ڕێكخستنی خەو لە مانگی ڕەمەزاندا
خەوی دروست كلیلی تەندروستیی باشە، بەتایبەتی بۆ سیستمی بەرگریی دروستی لەش دژی نەخۆشییەكان. بە پشت بەستن بە چەندین لێكۆڵینەوە، نووستن بۆ ماوەیەكی كەمتر لە پێویستی ڕۆژانە هۆكارە بۆ لاوازبوونی سیستمی بەرگریی لەش و ئەگەری تووشبوون بە گەلێك نەخۆشی. سیستمی بەرگریی لەش لەكاتی نووستندا ماددە سایتۆكاینەكان Cytokines بەرهەم دەهێنێت، كە دژی هەوكردنەكان و گواستنەوەی نەخۆشی كار دەكەن، نووستنی دروست لە مانگی ڕەمەزاندا ڕێكخەرە بۆ هۆرمۆنەكانی كۆنترۆڵكردنی ئارەزووی خواردن. لەسەر ڕۆژوەوان پێویستە كە پەیوەست بێت بە ڕێكخستنی خشتەی ڕۆژانە لەگەڵ كاتەكانی پارشێو و بەربانگدا بە تەرخانكردنی كاتێكی باش بۆ خەو، كە بە هیچ شێوەیەك لە شەش كاتژمێر كەمتر نەبێت، چونكە كەم نووستن ڕۆژووگرتن قورستر دەكات، واباشترە كە كاتی نووستن لە هەموو ڕۆژەكانی مانگی ڕەمەزاندا هەمان كات بێت. خاڵیكی گرنگی دیكە هەیە كە كاریگەری دەكاتە سەر كوالێتی نووستن لە مانگی ڕەمەزاندا، ئەویش بریتییە لە چەندێتی بەسەربردنی كات لەگەڵ شاشەكاندا، جا تەلەفژیۆن، یان مۆبایل، یان لاپتۆپ. بەسەربردنی كاتی زیاد لەگەڵ شاشەكاندا كاریگەریی نێگەتیڤ دەكاتە سەر كاتژمێری بایۆلۆژیی لەش و ڕێژەی دەردانی هۆرۆمۆنی میلاتۆنین Melatonin، كە هۆرمۆنی ڕێكخەری خەوە. بۆیە پێویستە كە پێش چوونە سەر تەختی خەو لە هەموو شاشەكان دووربكەویتەوە، هاوكات لەگەڵ ڕێكخستنی پلەی گەرمی و خامۆشكردنی ڕووناكیی ژووری نووستن.
