چیرۆكی تۆپی بەربانگ
جاران تۆپی بەربانگ هەبوو، تەنانەت تا ئێستاش لە هەندێ وڵاتدا ماوە، ئەو تۆپە لەگەڵ بانگی مەغریبەوە دەتەقێنرا، وەك ئاگاداركردنەوەیەك بۆ كاتی رۆژوشكاندن، چەندین راو و بۆچوون لەسەر پەیدا بوونی ئەو نەریتە هەیە، بەڵام بەهێزترینیان بۆ سەردەمی سوڵتانی مەمالیكی (خەش قەدەم) دەگەڕێتەوە، كە لە ساڵی (865)ی كۆچیدا لە لەلایەن سوپاكەی ئەو سوڵتانەوە بە رێكەوت تۆپێكیان لە شاری قاهیرەی میسر تەقاندووە، مێژوونووسان باس لەوە دەكەن كە ئەو تۆپە تازەیان بۆ هاتووە و سودفەی كردووە لە كاتی بانگی مەغریبدا تەقێنراوە، بۆ ئەوەی خەڵك نەترسێن و نەتۆقێن. هێما و دەنگی تۆپەكانی سەر لە ئێوارە بە مانای كاتی رۆژووشكاندنە، ئەوەش بووە مایەی دەستخۆشیی خەڵك لە سوڵتان و لەم رۆژە بە دواوە لەگەڵ خۆر ئاوابووندا و لە كاتی بانگدا تۆپێك دەتەقێنرا.
لە كوردستانیش لە شاری هەولێر تۆپێك دانراوە، كە لە پێشوودا لە هەولێر و سلێمانی و رەواندز و ناوچەی بادیناندا هەبووە، ئەو جۆرە تۆپانە لە رابردوودا زیاتر لەلایەن وڵاتانی ئیتاڵیا و فەڕەنساوە بەرهەمهێنراون. لە رێگەی بارووت و پارچە مسێك بەكاردەهێنران، ئەم تۆپەی هەولێریش هەر لەو جۆرەیە، مەلا زانا خەیام، گوتی: «لە تۆپەكەدا تەنیا بارووت بەكاردەهێندرێت و دەنگەكەی هەیە، كە بۆ بەربانگە، شێوەی تۆپەكەش جیاوازە لەوەی كاتی خۆی وەستا رەجەب لە سەردەمی میرنشینی رواندوز دروستی كردووە و بەكارهێنراوە، دوا جار لە شاری هەولێر لە ساڵی 1960 یەكێك بە ناوی (مام فەتاح و مەیاد)ی هاوسەری تۆپی بەربانگیان بەكارهێناوە، پاشان تۆپەكە گواستراوەتەوە شاری بەغدا، ئێستا بە چەندین شێوەی دیكە ئەو تۆپە دانراوە، وەك لە وڵاتی بۆسنەدا (شیشان) لە شێوەی كاتژمێرێكی گەورەیە و لە كاتی بانگی مەغریبدا دەنگی تۆپێكی لێدەردەچێت نەوەك تۆپێكی راستەقینە بتەقێنرێت.
