هەڵامەتی هاوین Summer cold
هەڵامەتی هاوین Summer cold وەكو هەڵامەتی زستان وایە بە هەمان نیشانەكانەوە، بەڵام لە وەزری هاویندا زیاتر لە 200 جۆر ڤایرۆس هۆكارن بۆ هەڵامەت نەك خودی كەشوهەوا، نیشانەكانی هەڵامەتی هاوین زۆر نزیكن لە حاڵەتە سووكەكانی كۆڤید19، بۆنموونە: زیادبوونی دەرداوی لووت، كۆكە، پژمین، لووتگیران، سەرئێشە، كڕانەوەی قوڕگ، لەگەڵ ئازاری ماسوولكە. ئەگەر نیشانەكان زۆر لەمانە جیاوازتر بوون، ئەوا لەوانەیە كە واتای بوونی هەوكردن بە ڤایرۆسێكی دیكە بێت، یان هەستەوەریی وەرزی، یان هەستەوەریی هاوین Summer allergies كە نیشانە سەرەكییەكانی بریتین لە خورشتی چاو و زیادفرمێسككردن لەگەڵ خورشت وپەڵەی پێست. ڤایرۆسەكانی هەڵامەتی هاوین لە شوێنە گشتی و قەرەباڵغەكاندا زوو بڵاو دەبنەوە، لەوكاتەی كە لە هاویندا خەڵك زیاتر لە دەرەوەی ماڵ كات بەسەر دەبەن و، بەیەكەوە سەفەر و گەشت دەكەن. هەروەها بەكارهێنانی ساردكەرەوە و سپلیت ئەگەری هەڵامەتی هاوین زیاد دەكەن، چونكە ئاستی شێداری لە هەوای ژووردا كەم دەكەنەوە، لەوكاتەی كە ڤایرۆسەكان لە هەوای سارد و وشكدا ئاسانتر بڵاودەبنەوە. هەڵامەتی هاوین بە هەمان شێوەی هەڵامەتی زستان چارەسەردەكرێت و هەنگاوەكانی خۆپاراستن بریتین لە: شووشتنی دەستەكان، بەستنی ماسك لە شوێنە قەرەباڵغەكاندا، خۆراكی هاوسەنگ كە بڕێكی باشی سەوزە و میوە لەخۆبگرێت، مەشقی وەرزشی و خەوی دروست
