چۆن كێشی لەشت كۆنــترۆڵ دەكەیت لە مانگی ڕەمەزاندا

چۆن كێشی لەشت كۆنــترۆڵ دەكەیت لە مانگی ڕەمەزاندا

كاریگەریی ڕۆژووگرتن لەسەر كێشی لەش لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە جیاوازە، بۆنموونە لە هەندێك كەسدا نابێتە هۆی گۆڕان لە كێشی لەشدا، كەچی لە هەندێك كەسی دیكەدا كێشی لەش زیاد یان كەم دەكات. مانگی ڕەمەزان دەرفەتێكی زێڕینە بۆ دابەزاندنی كێشی زیادی لەش، بۆیە ئەو كەسانەی كە كێشی لەشیان زیادە، یان قەڵەون، دەتوانن كە هاوكات لەگەڵ ڕۆژوودا پەیڕەوی چەند هەنگاوێك بكەن، بەمەبەستی كەمكردنەوەی كێشی لەش، وەك:

• هەر كە كەمێك هەستت بە تێربوون كرد، زوو واز لە خواردن بهێنە، لەوكاتەی كە گەدە شوێنی زیاتری خۆراك دەگرێت.

• بڕی زیاتری سەوزەی جۆراوجۆر بخۆ لە ژەمەكانی پارشێو و بەربانگدا، بەمەرجێك نیوەی ژەمەكان پێكبهێنێت.

• بە وردی چاودێریی ئەو شلەمەنییانە بكە كە لە كاتی جیاوازی بەربانگ و پاش بەربانگدا دەیانخۆیتەوە، بۆنموونە دووركەوە لە زیاد خواردنەوەی هەر شلەمەنییەكی شیرینكراو و خواردنەوە گازی و وزەبەخشەكان Energy drinks.

• دووربكەوە لە خۆراكی لە زەیت سووركراوە و خۆراكی خێرا، لەبەر بڕی زیادی چەوری و وزە.

• جووڵە و چالاكیی بەدەنی زیاتر بكە، بەتایبەتی ماوەیەك پاش ژەمی بەربانگ كە هەفتانە لە 150 خولەك كەمتر نەبێت، پیادەڕۆیی باشترین هەڵبژاردەیە.

• بڕی كەمتری شیرینی بخۆ، تەنانەت خورما بە بڕی كەم بخۆ، چونكە ڕێژەی شەكر لە خورمادا بەرزە.

• دانەوێڵەی تەواو بە بڕی مامناوەند بخۆ وەك: ساوار، نانی گەنمی تەواو Whole wheat یان شوفان.

 

Top