سوودەكانی مەشقی وەرزشی بۆ تەندروستیی دەروونی
ئەوە زانراوە كە مەشقی وەرزشی گەلێك سوودی تەندروستیی بۆ لەش هەیە، وەك بەهێزكردنی ماسوولكەكان و ئێسك و بەهێزكردنی دڵ و سییەكان، هاوكات لەگەڵ خۆپاراستن لە ئەگەری تووشبوون بە چەندین نەخۆشی، بەڵام ئەمەش سەلمێنراوە كە مەشقی وەرزشی سوودی زۆری بۆ مێشك و تەندروستیی دەروونی هەیە. لەكاتی ئەنجامدانی هەر مەشقێكی وەرزشی، گۆڕانێكی كیمیایی ئاڵۆز لە لەشدا ڕوودەدات، كە هاندرە بۆ كاریگەرییە پۆزەتیڤەكانی مەشقی فیزیكی، لەگەڵ زیادبوونی لێدانەكانی دڵدا گەیشتنی خوێن بۆ مێشك زیاتر دەبێت، واتە تێكڕای ڕێژەی گەیشتنی ئۆكسجین بۆ شانەكانی مێشك زیاتر دەبێت، ئەمەش هاندەرە بۆ باشتربوونی فرمانە جیاوازەكانی مێشك. سوودەكانی دیكەی مەشقی وەرزشی بریتین لە: كەمكردنەوەی ئەگەری ڕوودانی جەڵتەی مێشك، خۆپاراستن لە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی ئەلزهایمەر، سووككردنی سترێس لە ڕێگای كەمكردنەوەی ئاستی هۆرمۆنەكانی سترێس، وەك: كۆرتیسۆڵ Cortisol و ئەدرینالین Adrenaline، سووككردنی نیشانەكانی خەمۆكی و پەستی، بەرزكردنەوەی ئاستی باوەڕ بەخۆبوون Self-confidence، باشتركردنی مەزاج، باشتركردنی كوالێتی خەو كە زۆر گرنگە بۆ تەندروستیی دەروونی و مێشك، باشتركردنی ئاستی بیركردنەوە و یاد، یان بیرهاتنەوە.
