شاخەوانانی كورد بە ئاڵای كوردستانەوە لە بەرزترین چیای ئەفریقا
سێ شاخەوانی كورد بەمەبەستی گەیشتن بە بەرزترین لووتكە چیای كیشوەری ئەفریقا، ڕوو دەكەنە وڵاتی(تانزانیا)، لووتكە چیای كلیمانجارو كەوتووەتە وڵاتی تانزانیا لە بەشی ڕۆژهەڵاتی كیشوەری ئەفریقا، «ڕزگار جەمال عەلی» كە یەكێكە لەو سێ شاخەوانە كوردە، لەوبارەیەوە گوتی: «ویستمان دنیایەكی جیاواز و شاخێكی جیاواز ببینین، بۆ ئەوەی ئەزموونێكی نوێ و وانەیەكی نوێ لە دنیای شاخەوانییدا تاقی بكەینەوە و فێرببین، بۆیە بەرزترین لووتكە چیای ئەفریقامان هەڵبژارد بۆ ئەو گەشتە»، ڕزگار گوتیشی: «گەشتەكەمان لە ساتی دەستپێكەوە تا گەڕانەوە بۆ شوێنی دەستپێك، ماوەی شەش ڕۆژی خایاند، لەكاتێكدا زۆرینەی گەشتە شاخەوانییەكان هەندێك جار ٨ ڕۆژ و تا ١٠ڕۆژیش دەخایەنێت»، ڕزگار جەمال ئاماژەی بەوەشدا، كە وەك ڕێزگرتنێك لە هێما و سیمبولی نەتەوەییمان، لەو گەشتەیاندا ئاڵای كوردستانیشمان بردە سەر بەرزترین شوێنی چیاكە، ڕزگار جەمال كە هاوكات ئەندامی گرووپی شاخەوانیی هەولێرە دەڵێت تێچووی ئەو گەشتەیان لەسەر گیرفانی خۆیان ئەنجام داوە و داوای هاوكارییان لە كەس نەكردووە، ئاواتی ئەوەش دەخوازێت كە بتوانێت لە داهاتوودا بۆ لووتكە بەرزەكانی دیكەی دنیا گەشتی شاخەوانیی ئەنجام بدات و، لەگەڵ خۆیشیدا ئاڵای كوردستان بباتە شوێنە بەرزەكانی جیهان، لووتكە شاخی كلیمانجارو Kilimanjaro، ٥٨٩٥ مەتر بەرزە لەڕووی دەریاوە و، بەرزترین لووتكە شاخی كیشوەری ئەفریقایە كە لە وڵاتی تانزانیا هەڵكەوتووە، هاو سنوورە لەگەڵ وڵاتی كینیا.
